ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت! شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە. |
وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە، وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە، |
وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە. هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت، بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت. |
بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت، بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت. |
زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە، هەتاهەتایە نالەقێت. |
تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی، لەسەر چیاکان ئاوەکان ڕادەوەستن. |
بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ ئاوەکان هەڵاتن، لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد، |
بەسەر چیاکان کەوتن و شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان، بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون. |
سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن، نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن. |
کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە، بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن. |
هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن، کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن. |
باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات، لەناو چڵەکان دەخوێنێت. |
لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت، زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت. |
گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت، سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە. |
مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی، ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی، نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ. |
درەختەکانی یەزدان تێر دەبن، ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی، |
ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات، لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی، |
چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی، تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە. |
مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان، خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت. |
تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو، هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ. |
بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن، بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا. |
کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە، لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن. |
مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری، بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە. |
ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە، زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ. |
ئەم دەریا گەورە و فراوانە، کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت. |
لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن، لیڤیاتان، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات. |
ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ، |
پێیان دەدەیت و وەریدەگرن، دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن. |
ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان. |
کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت، ئەوان بەدیدەهێنرێن، ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە. |
با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت، با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت. |
ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت، دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن. |
بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم، تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم. |
با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای، منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم. |
بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە، با بەدکاران ئیتر نەمێنن. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. هەلیلویا! |