ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات. قەڵاکە بپارێزە، چاودێری ڕێگاکە بکە، بازووی لێ هەڵبکە، توانای زۆر بخەرە گەڕ! |
یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە وەک سەروەری ئیسرائیل، هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و ڕەزەمێوەکانیان تێکدان. |
قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون، قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان، لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە، ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە. |
گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون، لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن. دیمەنیان وەک مەشخەڵە، وەک بروسک غار دەدەن. |
نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات، بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون. پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و قەڵغانەکان ئامادە کراون. |
دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و کۆشکەکە دەڕمێت. |
بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و ڕاپێچ دەکرێت. کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن، سنگیان دەکوتن. |
نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە. هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!» بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە. |
«زیو تاڵان بکەن! زێڕ تاڵان بکەن! گەنجینەکانی لەبن نایەن، پڕە لە گەوهەری بەهادار.» |
چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە، دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن، هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت. |
کوا لانەی شێرەکان، لەوەڕگای بەچکە شێران؟ لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن. |
شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند، ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر، لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون. |
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ، بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم. ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.» |