«ئایا دەتوانیت لیڤیاتان بە قولاپ ڕاو بکەیت، یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟ |
ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟ |
ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟ |
ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟ |
ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟ |
ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟ |
ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و سەریشی پڕ لە تیر؟ |
دەستت لەسەری دابنێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە، جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە! |
هیواخواستن بۆ گرتنی پووچە، هەر بە بینینی دەتۆقێت. |
کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت، ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟ |
کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟ ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە. |
«بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی. |
کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟ کێ دەتوانێت هەردوو لای سپەرەکەی ببڕێت؟ |
کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟ ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە. |
پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە، بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛ |
بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات. |
هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛ پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە. |
کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛ چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن. |
لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە، پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە. |
لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت، هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ. |
هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت، گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت. |
هێزەکەی لە ملیدایە، لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن. |
گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە، بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە. |
سەرسەختە، بە جەرگ و چاونەوترسە. |
کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن، لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن. |
شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت، نە ڕم و نە تیر. |
ئاسن لەلای وەک کا وایە، بڕۆنزیش وەک داری کلۆر. |
تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛ بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن. |
گورز لەلای وەک کایە؛ بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت. |
ژێری پارچە گۆزەی تیژە، جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت. |
وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت، دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات. |
لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت، شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات. |
لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە، بۆ نەترسان دروستکراوە. |
بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛ پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.» |