بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟ |
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن، سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی و دەڵێن: |
«با کۆتەکانیان بشکێنین و زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.» |
ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت، پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات. |
ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات، بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت: |
«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن داناوە، لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.» |
من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم: پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی، من ئەمڕۆ بوومە باوکت. |
داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت، ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ. |
بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.» |
بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن، سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن. |
بە ترسەوە یەزدان بپەرستن، بە لەرزەوە دڵخۆش بن. |
کوڕەکە ماچ بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن، چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش. خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو. |