ئەی خوشک و برایان، بۆ ئێوە دەدووێم کە لە تەورات دەزانن، ئایا ئێوە نازانن شەریعەتی تەورات دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە هەتا ئەو کاتەی زیندووە؟ |
بۆ نموونە، ژن بەپێی شەریعەت بە مێردە زیندووەکەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام کە مێردەکە مرد، ئەوا لەو شەریعەتە ئازاد دەبێت کە بە مێردەکەیەوە بەستبوویەوە. |
کەواتە تاکو مێردەکە زیندوو بێت، ژنەکە بە داوێنپیس ناودەبردرێت ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. بەڵام ئەگەر مێردەکە بمرێت، ئەوسا لە دەسەڵاتی شەریعەت ئازادە و داوێنپیس نییە ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. |
ئیتر براکانم، ئێوەش بە لەشی مەسیح سەبارەت بە شەریعەت مردن، تاکو ببنە هی کەسێکی دیکە، ئەو کەسەی لەناو مردووان هەستێنرایەوە، تاکو بۆ خودا بەرهەم بدەین، |
چونکە کاتێک لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی دەژیاین، ئارەزووەکانی گوناه بەهۆی شەریعەتەوە لە ئەندامەکانی لەشماندا کاری دەکرد، بۆیە ئەو کارانەی دەمانکرد دەبوونە هۆی مردن. |
بەڵام ئێستا ئازاد بووین لە شەریعەتی تەورات، مردین سەبارەت بەوەی ئێمەی بەستبووەوە، تاکو بە ڕێگای نوێی ڕۆحی پیرۆز خزمەت بکەین، نەک بە ڕێگای کۆنی شەریعەتی نووسراو. |
کەواتە چی بڵێین؟ ئایا تەورات خۆی سەرچاوەی گوناهە؟ حاشا! چونکە لە ڕێگەی شەریعەتی تەوراتەوە نەبووایە، گوناهم نەدەناسی. هەروەها واتای تەواوی چاوچنۆکیم نەدەزانی ئەگەر تەورات نەیگوتایە [چاو مەبڕە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.] |
بەڵام گوناه ئەم ڕاسپاردەیەی قۆستەوە و هەموو چاوچنۆکییەکی لە مندا وروژاند، چونکە گوناه بەبێ شەریعەت مردووە. |
منیش پێشتر بەبێ شەریعەت دەژیام، بەڵام کاتێک ڕاسپاردە هات، گوناه هاتە ژیان و منیش مردم. |
بینیم هەمان ئەو ڕاسپاردەیەی مایەی ژیانە، بۆ من مردنە، |
چونکە گوناه ڕاسپاردەکەی قۆستەوە و منی خەڵەتاند و بەو منی کوشت. |
کەواتە تەورات پیرۆزە، ڕاسپاردەش پیرۆز و دادپەروەر و چاکە. |
ئایا چاکە بۆ من بووەتە مایەی مردن؟ حاشا! بەڵکو گوناه بەهۆی چاکەوە مردنی لە مندا هێنایە کایەوە، بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە گوناه بە ڕاستی گوناهە و تاکو لە ڕێگەی ڕاسپاردەکەوە ئاشکرابێت کە گوناه تەواو خراپە. |
ئێمە دەزانین تەورات ڕۆحییە، بەڵام من دنیاییم و وەک کۆیلە فرۆشراوم بە گوناه. |
ئیتر نازانم چی دەکەم، چونکە ئەوەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەوە دەکەم کە ڕقم لێیەتی. |
ئەگەر ئەوە بکەم کە نامەوێت، ئەوسا تەورات پەسەند دەکەم کە باشە. |
ئیتر من نیم کە وا دەکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە، |
چونکە دەزانم هیچ چاکەیەک لە مندا نیشتەجێ نییە، واتە لە سروشتی دنیاییمدا. خواست لەلام ئامادەیە، بەڵام توانای چاکەکردنم نییە، |
چونکە ئەو چاکەیەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەو خراپەی کە نامەوێت ئەوە دەکەم. |
ئەگەر ئەوەم کرد کە نامەوێت، ئیتر ئەوە من نیم کە دەیکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە. |
کەواتە ئەم یاسایە دەبینم: کاتێک دەمەوێت چاکە بکەم، خراپە لەلام ئامادەیە، |
چونکە لە ناخمدا بە شەریعەتی خودا دڵشادم، |
بەڵام یاسایەکی دیکە لە ئەندامانی جەستەمدا دەبینم، کە بەربەرەکانێی یاسای هزرم دەکات و دەمکاتە دیلی یاسای گوناه کە لە ئەندامەکانی جەستەمدایە. |
ئای لە منی مرۆڤی بەدبەخت! کێ فریام دەکەوێت لەدەست ئەم جەستەیەم کە بۆ مردنە؟ |
سوپاسی خودا دەکەم کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە دەربازم دەکات! کەواتە بە بیری خۆم خزمەتی شەریعەتی خودا دەکەم، بەڵام بە سروشتی دنیاییم خزمەتی یاسای گوناه دەکەم. |