هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان، با گەورەکانیان بە شیاوی ئەوپەڕی ڕێز بزانن، تاکو کفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت. |
ئەوانەی گەورەکانیان باوەڕدارن با سووکایەتییان پێ نەکەن، چونکە برای باوەڕدارن. لە جێگەی ئەوە، با زیاتر خزمەتیان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەوانەی سوود لە خزمەتیان وەردەگرن باوەڕدار و خۆشەویستن. جا ئەمانەیان فێربکە و هانیان بدە. |
ئەگەر کەسێک بە جۆرێکی دیکە خەڵک فێردەکات کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی دروستی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و لەگەڵ ئەو فێرکردنەی لەسەر لەخواترسی ڕاوەستاوە، |
ئەوا لووتبەرزە و هیچ تێناگات، حەز لە شەڕەقسە و دەمەقاڵێ دەکات کە دەبێتە هۆی چاوپیسی، ناکۆکی، بوختان، گومانی خراپ و |
ململانێ. ئەمانەش ئەو کەسانە دەیکەن کە بیریان خراپ بووە و ڕاستییان لێ ون بووە و لەخواترسی بە بازرگانی دادەنێن. |
بەڵام لەخواترسی ئەگەر بە قایلبوون بێت قازانجێکی گەورەیە. |
لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە. |
جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین. |
بەڵام ئەوانەی حەز دەکەن دەوڵەمەند بن، دەکەونە تاقیکردنەوە و داوەوە، هەروەها دەکەونە نێو زۆر ئارەزووی گەوجانە و زیانبەخشەوە، کە وا دەکات مرۆڤ تێبکەوێت و لەناوبچێت. |
لەبەر ئەوەی خۆشویستنی پارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک، هەندێک کەس بەدوایدا گەڕان ون بوون لە باوەڕەکەیان و خۆیان تووشی ئازارێکی زۆر کرد. |
بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ. |
لە کێشمەکێشی باوەڕەکەدا باش تێبکۆشە. دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک لەبەردەم چەندین شایەتدا بە باشی دانت پێدا نا. (aiōnios g166) |
ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی، |
کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، |
ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان، |
تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین. (aiōnios g166) |
دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕابسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین. (aiōn g165) |
ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن و ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن، |
بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێکی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنن. |
تیمۆساوس، سپاردەکە بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست، |
کە هەندێک کردیانە پیشە و لە ڕێگای باوەڕەکە گومڕا بوون. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت. |