بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک. لە یەهودا خودا ناسراوە، لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە! |
کەپری لە شالیمە، هەواری لە سییۆنە. |
لەوێ تیرە گڕدارەکان و قەڵغان و شمشێر و جەنگەکانی تێکشکاند. |
تۆ ڕەوشەنی، لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری. |
قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو، دوایین خەوی خۆیان نوستن، هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە. |
ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ، ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە! |
تۆ خۆت بەسامیت! لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟ |
لە ئاسمان حوکمت بیسترا، زەوی ترسا و کپ بوو، |
بە هەستانی خودا بۆ دادوەری، بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی. |
بێگومان تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات، خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە. |
نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن. ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان، دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن. |
ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت، سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی. |