بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدانە. جاڕنامەیەک لە ناخی دڵمە دەربارەی یاخیبوونی بەدکار: ترسی خودای لەبەرچاو نییە. |
بە بەرچاوی خۆیەوە خۆی دەڕازێنێتەوە، تاکو هەست بە گوناهی خۆی بکات و ڕقی لێ ببێتەوە. |
قسەی دەمی خراپە و تەفرەدانە، دەستبەرداری وریایی و چاکی بووە. |
تەنانەت لەناو نوێنیش بیر لە پیلانی خراپە دەکاتەوە، خۆی دەخاتە سەر ڕێگایەک کە باش نییە، هەڵە ڕەت ناکاتەوە. |
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان، دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان. |
ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە، دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە. ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت. |
ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە! ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن. |
بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن، تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن، |
چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە، بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین. |
با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەردەوام بێت بۆ ئەوانەی دەتناسن، ڕاستودروستییەکەشت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن. |
با نەکەومە ژێر پێی پیاوی لووتبەرز، دەستی بەدکاران وێڵم نەکات. |
ببینە بەدکاران چۆن دەڕووخێن، دەکەون و ناتوانن هەستنەوە! |