یەزدانم خۆشدەوێت، چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت، |
چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد، هەتا ماوم هەر لێی دەپاڕێمەوە. |
تۆڕی مەرگ دەوری دام، ناخۆشی جیهانی مردووان کەوتە سەرم، دەرد و تەنگانەم چێژت. (Sheol h7585) |
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە: «ئەی یەزدان، تکات لێ دەکەم، گیانم دەرباز بکە!» |
یەزدان میهرەبان و ڕاستودروستە، خودامان بە بەزەییە. |
یەزدان چاودێری خەڵکی ساکار دەکات، کاتێک زەلیل بووم، ئەو ڕزگاری کردم. |
ئەی گیانی من، بگەڕێوە بۆ ئارامی خۆت، چونکە یەزدان چاکەی بەسەرتدا باراند. |
تۆ گیانی منت لە مردن ڕزگار کرد، چاوەکانم لە فرمێسک، پێیەکانم لە خزان، |
تاکو دۆستایەتی یەزدان بکەم لە خاکی زیندووان. |
باوەڕم هەبوو، بۆیە گوتم: «من زۆر دەردەدارم!» |
من لە کاتی تۆقینەکەمدا گوتم: «مرۆڤ هەموو درۆزنن!» |
چی بدەمەوە یەزدان، بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من. |
جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە. |
نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم، بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی. |
یەزدان مردنی خۆشەویستانی لەلا سەنگینە. |
ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم، من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت، تۆ کۆتەکانی منت کردەوە. |
قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم، بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە. |
نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم، بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی، |
لە حەوشەی ماڵی یەزداندا، لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم. هەلیلویا! |