سروشێک سەبارەت بە نەینەوا، پەڕتووکی بینینەکەی ناحومی ئەلقۆشی: |
یەزدان خودایەکی ئیرەدار و تۆڵەسێنەرە، یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە. یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە. |
یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە، بەڵام چاو لە گوناه ناپۆشێت. ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە، هەور تۆزی پێیەکانیەتی. |
دەریا سەرزەنشت دەکات و وشکی دەکات، هەموو ڕووبارەکان بێ ئاو دەکات. باشان و کارمەل سیس دەکات، خونچەی لوبنان سیس دەبێت. |
چیاکان لەبەر ئەو دەلەرزن و گردەکان دەتوێنەوە. زەوی لە ئامادەبوونی ئەو دەهەژێت، جیهان و هەموو دانیشتووانەکەی. |
کێ لەبەردەم تووڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟ کێ بەرگەی جۆشی تووڕەیی ئەو دەگرێت؟ هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن. |
یەزدان چاکە، لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە. بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن، |
بەڵام بە تۆفانێکی گەورە بە تەواوی کۆتایی بە نەینەوا دەهێنێت، دوژمنەکانی بەرەو تاریکی ڕاودەنێت. |
بیر لە چی دەکەنەوە لە دژی یەزدان؟ ئەو کۆتایی پێدەهێنێت، کارەسات دوو جار بەرپا نابێت. |
ئەوان وەک دڕک لێک دەئاڵێن، بە شەرابەکەیان سەرخۆش دەبن، هەموویان وەک کای وشک دەسووتێن. |
ئەی نەینەوا، یەکێک لە تۆوە دەردەکەوێت، ئەوەی بیر لە خراپە دەکاتەوە لە دژی یەزدان، ڕاوێژکاری بەدکارییە. |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «هەرچەندە بەهێز و زۆریشن، بەڵام دەبڕێنەوە و بەسەردەچن. ئەی یەهودا، هەرچەندە زەلیلم کردیت بەڵام ئیتر زەلیلت ناکەم. |
ئێستاش ئەو نیرەی کە لەسەر تۆی دایانناوە دەیشکێنم، کۆتەکانت لێ دەکەمەوە.» |
ئەی نەینەوا، یەزدان سەبارەت بە تۆ فەرمانی داوە: «هیچ نەوەیەک نامێنێت ناوی تۆی هەڵگرتبێت. بتە داتاشراو و لەقاڵبدراوەکان لە پەرستگای خوداوەندەکانت ڕیشەکێش دەکەم. گۆڕت بۆ هەڵدەکەنم، چونکە تۆ شایانی ژیان نیت.» |
ئەوەتا لەسەر چیاکانە پێیەکانی مزگێنیدەر، ئاشتی ڕادەگەیەنێت! ئەی یەهودا، جەژنەکانت بگێڕە، نەزرەکانت بەجێبهێنە، ئیتر بەدکاران داگیرت ناکەن، بەڵکو بە تەواوی بنبڕ دەبن. |