«لەو ڕۆژانەدا و لەو کاتەدا، کاتێک ڕاپێچکراوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەگەڕێنمەوە، |
هەموو نەتەوەکان خڕدەکەمەوە و دەیانبەمە خوارەوە بۆ دۆڵی یەهۆشافات. لەوێدا دادگاییان دەکەم، لەسەر گەلەکەم و میراتەکەم، ئیسرائیل، کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاویان کردنەوە و زەوییەکەی منیان دابەش کرد. |
لەسەر گەلەکەم تیروپشکیان کرد، منداڵیان بۆ لەشفرۆش فرۆشت، کچیان بۆ شەراب فرۆشت بۆ ئەوەی بیخۆنەوە. |
«ئەی سور و سەیدا و هەموو ناوچەکانی فەلەستیە، ئیتر ئێوە چیتان لە دژی من هەیە؟ ئایا تۆڵەم لێ دەستێننەوە؟ جا ئەگەر تۆڵەم لێ بستێننەوە، بە پەلە و خێرا بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە، |
چونکە ئێوە زێڕ و زیوەکەی منتان برد و گەنجینە باشەکانی منتان بردە ناو پەرستگاکانی خۆتان. |
نەوەی یەهودا و نەوەی ئۆرشەلیمتان بە نەوەی یۆنانییەکان فرۆشت، تاکو لە نیشتیمانی خۆیان دووریان بخەنەوە. |
«ببینن، من لەو شوێنەوە کە ئەوانتان پێی فرۆشتبوو هەڵیاندەستێنم، ئەوەی کردبووتان بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە. |
کوڕ و کچەکانتان دەفرۆشمە نەوەی یەهودا، ئەوانیش دەیانفرۆشنە سەبئییەکان، نەتەوەیەکی دوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
ئەمە لەنێو نەتەوەکاندا ڕابگەیەنن: خۆتان بۆ جەنگێک ئامادە بکەن! پاڵەوانەکان هەڵتسێنن! با هەموو جەنگاوەران پێشبکەون و هێرش بکەن. |
گاسنەکانتان بکوتن و بیکەنە شمشێر، داسەکانیشتان بکەنە ڕم. با لاواز بڵێت، «من پاڵەوانم!» |
ئەی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بە پەلە وەرن، لەوێدا کۆببنەوە. ئەی یەزدان، پاڵەوانەکانت دابەزێنە! |
«نەتەوەکان هەڵدەستن و دێن، بۆ دۆڵی یەهۆشافات، چونکە لەوێدا دادەنیشم بۆ دادگاییکردنی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر. |
داسەکە ڕاوەشێنن، چونکە دروێنەکە پێگەیشتووە. وەرن ترێ بپڵیشێننەوە، چونکە گوشەرەکە پڕ بووە، قەڕابەکە سەرڕێژ دەبێت، چونکە خراپەیان زۆرە!» |
«لە دۆڵی بڕیار کۆمەڵ، کۆمەڵ! چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە لە دۆڵی بڕیار. |
خۆر و مانگ تاریک دەبن و ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن. |
یەزدانیش لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت، لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی بەرز دەکاتەوە، ئاسمان و زەوی دەهەژێن. بەڵام یەزدان پەناگایە بۆ گەلەکەی خۆی، قەڵایە بۆ نەوەی ئیسرائیل. |
«ئیتر دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم، لە سییۆن نیشتەجێم، کێوی پیرۆزم. ئۆرشەلیمیش پیرۆز دەبێت؛ لەمەودوا بێگانە بەناویدا تێناپەڕێت. |
«لەو ڕۆژەدا چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت، گردەکان شیریان لێ دەڕژێت؛ هەموو کەندەکانی یەهودا ئاویان لەسەر دەڕژێت، کانییەک لە ماڵی یەزدانەوە هەڵدەقوڵێت، دۆڵی شەتیم ئاو دەدات. |
بەڵام میسر وێران دەبێت، ئەدۆمیش دەبێتە چۆڵەوانییەکی وێران، لەبەر ئەوەی ستەمیان لە نەوەی یەهودا کرد، خوێنی بێتاوانیان لە خاکەکەیاندا ڕشت. |
یەهوداش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت، ئۆرشەلیمیش نەوە دوای نەوە. |
لەو خوێنڕشتنەیان خۆشدەبم کە پێشتر لێی خۆش نەببووم.» |