یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. |
یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا. |
لە هەشتەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا کە هێشتا مێردمنداڵ بوو، ڕووی لە خودای داودی باپیرە گەورەی کرد. لە دوازدەیەمین ساڵیدا دەستی بە پاککردنەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم کرد لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکان. |
لەبەردەمیدا قوربانگاکانی بەعلیان ڕووخاند و قوربانگاکانی بخوور کە لە سەرەوە لەسەریان دانرا بوون پارچەپارچەی کردن، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکانی شکاند و کوتای و بە بای کردن بەسەر گۆڕی ئەوانەی قوربانییان بۆ سەردەبڕین. |
ئێسکی کاهینەکانیشی لەسەر قوربانگاکانیان سووتاند و یەهودا و ئۆرشەلیمی پاککردەوە. |
لە شارۆچکەکانی مەنەشە و ئەفرایم و شیمۆن و هەتا نەفتالی، هەروەها لە کەلاوەکانی دەوروبەریان |
قوربانگاکان و ستوونە ئەشێراکانی ڕووخاند و پەیکەری بتەکانی ورد کوتی و هەموو قوربانگاکانی بخووریشی پارچەپارچە کرد. لە هەموو خاکی ئیسرائیلدا بەو شێوەیەی کرد، ئینجا گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم. |
هەروەها لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیادا، پاش ئەوەی خاکەکە و پەرستگاکەی پاککردەوە، شافانی کوڕی ئەچەلیاهو و مەعسێیاهوی سەرۆکی شارەکە و یۆئاحی کوڕی یۆئاحازی تۆمارکاری نارد، بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری خۆی. |
ئەوانیش هاتن بۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین و ئەو زیوەیان پێیدا کە هاتووەتە ناو پەرستگای خوداوە، ئەوەی لێڤییەکان چاودێرانی دەرگاکان لە خەڵکی مەنەشە و ئەفرایم و هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیل مابوونەوە کۆیان کردبوونەوە، هەروەها لە هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و دانیشتووانی ئۆرشەلیم. |
ئینجا دایانە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش دایانە ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد، بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە. |
هەروەها دایانە دارتاش و بیناسازەکان هەتا بەردی داتاشراو و داری پێ بکڕن بۆ کاریتە و دارەڕای بنمێچی ئەو تەلارانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی پاشاکانی یەهوداوە، وێران ببوون. |
پیاوەکان بە دەستپاکییەوە کارەکەیان دەکرد، لەژێر سەرپەرشتی یەحەت و عۆبەدیا کە هەردووکیان لێڤی و سەر بە نەوەی مەراری بوون و زەکەریا و مەشولام سەر بە نەوەی قەهاتییەکان بۆ سەرپەرشتی. لە لێڤییەکانیش هەموو ئەوانەی لە ئامێرە مۆسیقییەکان شارەزا بوون |
سەرپەرشتیار بوون بەسەر کۆڵکێشەکان و بەسەر هەموو ئەوانەی کارەکەیان دەکرد، لە خزمەتە جۆراوجۆرەکان، هەروەها لە لێڤییەکان خامەی نهێنی و سەرقەڵەم و دەرگاوانیان تێدابوو. |
کاتێک خەریکی دەرهێنانی ئەو زیوە بوون کە هاتبووە ناو پەرستگای یەزدان، حیلقیای کاهین پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی دۆزییەوە کە لە ڕێگەی موساوە درابوو. |
جا حیلقیا بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.» |
ئینجا شافان پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «هەموو ئەوەی بە دەست خزمەتکارەکانت سپێردراوە دەیکەن. |
ئەو زیوەی لەناو پەرستگای یەزداندا هەبوو بەتاڵیان کردووە و داویانەتە دەست سەرپەرشتیار و کرێکارەکان.» |
هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای گوت: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی پێداوم.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشادا لە پەڕتووکەکەی خوێندەوە. |
کە پاشا گوێی لە وشەکانی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی و |
پاشا فەرمانی بە حیلقیا و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەبدۆنی کوڕی میخا و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری خۆی کرد و پێی گوتن: |
«بڕۆن و پرسیار لە یەزدان بکەن لە پێناوی من و لە پێناوی ئەوانەی لە ئیسرائیل و یەهودا ماونەتەوە، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا ڕژاوە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان وشەکانی یەزدانیان نەپاراستووە هەتا بەپێی هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا هاتووە کار بکەن.» |
ئینجا حیلقیا لەگەڵ ئەوانەی پاشا فەرمانی پێ کردن چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تۆقهەتی کوڕی حەسرای لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد. |
ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە، |
”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەو نەفرەتانەی لەو پەڕتووکە نووسراوە، ئەوەی لەبەردەم پاشای یەهودا خوێندیانەوە. |
لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا دەڕژێت و ناکوژێتەوە.“ |
بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن،”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت: |
لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەی بوو لە دژی ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی لەبەردەم خودا دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەممدا گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
ئێستا من دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەیدا دەهێنم.“» ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە. |
ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە. |
لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و لێڤییەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە. |
پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت. |
پاشا داوای لە هەموو ئامادەبووان کرد لە ئۆرشەلیم و بنیامین کە سوێند بخۆن، جا دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش ئەوەیان کرد بەگوێرەی پەیمانی خودا، خودای باوباپیرانیان. |
یۆشیا هەموو بتە قێزەونەکانی لە هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل داماڵی و کارێکی وای کرد کە هەموو ئەو کەسانەی لە خاکی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن. بە درێژایی ژیانی ئەو خەڵکی لایان نەدا لە پەرستنی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان. |