ئەوە بوو پیاوێکی خودا بە فەرمایشتی یەزدان لە یەهوداوە هاتە بێتئێل، یارۆڤعامیش لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو بۆ بخوور سووتاندن. |
پیاوەکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکە هاواری کرد و گوتی: «ئەی قوربانگا! ئەی قوربانگا! یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”کوڕێک لە نەوەی داود دەبێت، ناوی یۆشیایە، کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزاییت لەسەر سەردەبڕێت، ئەوانەی بخوورت لەسەر دەسووتێنن، ئێسکی مرۆڤیشت لەسەر دەسووتێنرێ.“» |
هەر لەو ڕۆژەشدا پیاوەکەی خودا نیشانەیەکی دا و گوتی: «ئەمەش ئەو نیشانەیە کە یەزدان فەرموویەتی، قوربانگاکە شەق دەبات و خۆڵەمێشەکەی سەریشی پەرشوبڵاو دەبێتەوە.» |
کاتێک یارۆڤعامی پاشا گوێی لە قسەی پیاوەکەی خودا بوو، کە لە بێتئێل ڕووەو قوربانگاکە کردی، یارۆڤعام لە قوربانگاکەوە دەستی درێژکرد و گوتی: «بیگرن!» بەڵام ئەو دەستەی کە ڕووەو ئەو درێژی کرد وشک بوو، نەیتوانی بیکێشێتەوە. |
قوربانگاکەش شەقی برد و خۆڵەمێشەکەی سەری پەرشوبڵاو بووەوە، هەروەک ئەو نیشانەیەی پیاوەکەی خودا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ئاماژەی کرد. |
ئینجا پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «تکایە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت بپاڕێوە و لە پێناوی من نزا بکە هەتا دەستم چاک بێتەوە.» پیاوەکەی خوداش لە بەرامبەر یەزدان پاڕایەوە، دەستی پاشا وەک جاری جاران چاک بووەوە. |
پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە، پشوو بدە و پاداشتیشت دەدەمێ.» |
پیاوەکەی خوداش بە پاشای گوت: «ئەگەر نیوەی ماڵەکەشتم بدەیتێ، لەگەڵت نایەم، لەم شوێنە نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە، |
چونکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان بەم جۆرە فەرمانم پێکراوە:”نە نان بخۆ و نە ئاو بخۆوە و نە بەو ڕێگایەشدا بگەڕێوە کە پێیدا چوویت.“» |
ئینجا بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت و بەو ڕێگایەدا نەگەڕایەوە کە پێیدا هاتە بێتئێل. |
پێغەمبەرێکی پیر هەبوو لە بێتئێل دەژیا، کوڕەکانی هاتن و هەموو ئەو کارەیان بۆ گێڕایەوە کە پیاوەکەی خودا لەو ڕۆژەدا لە بێتئێل کردی، ئەو قسانەش کە بە پاشای گوتبوو، بۆ باوکیان گێڕایەوە. |
باوکیشیان لێی پرسین: «بە کام ڕێگادا ڕۆیشت؟» کوڕەکانی ئەو ڕێگایەیان پیشان دا کە پیاوەکەی خودا ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو پێیدا ڕۆیشتبوو. |
ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش گوێدرێژەکەیان بۆ کورتان کرد و سواری بوو. |
لەدوای پیاوەکەی خودا ڕۆیشت و دۆزییەوە لەژێر دار بەڕووێکدا دانیشتبوو، پێی گوت: «ئایا تۆ پیاوەکەی خودایت، ئەوەی لە یەهوداوە هاتووە؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ ئەوم.» |
پێی گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە و نان بخۆ.» |
پیاوەکەی خوداش گوتی: «ناتوانم لەگەڵت بگەڕێمەوە و لەگەڵت نایەمە ژوورەوە، لەم شوێنە لەگەڵت نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە، |
چونکە بە فەرمایشتی یەزدان پێم گوتراوە:”لەوێدا نان مەخۆ و ئاو مەخۆوە و بەو ڕێگایەدا مەگەڕێوە کە پێیدا ڕۆیشتی.“» |
ئەویش پێی گوت: «هەروەها منیش وەک تۆ پێغەمبەرم و فریشتەیەک بە فەرمایشتی یەزدان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی:”لەگەڵ خۆتدا بیبە ماڵەکەت هەتا نان بخوات و ئاو بخواتەوە.“» بەمە درۆی لەگەڵ کرد. |
پیاوەکەی خوداش لەگەڵی گەڕایەوە و لە ماڵەکەی نانی خوارد و ئاوی خواردەوە. |
لە کاتێکدا کە لەسەر خوانەکە دانیشتبوون، ئەوە بوو فەرمایشتی یەزدان هات بۆ پێغەمبەرەکەی کە گەڕاندییەوە. |
بانگی پیاوەکەی خودای کرد، ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”لەبەر ئەوەی سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانت کرد و کارت بەو فەرمانە نەکرد کە یەزدانی پەروەردگارت پێی کردیت، |
گەڕایتەوە و نانت خوارد و ئاوت خواردەوە لەو شوێنەی کە پێت گوترا نان و ئاوی لێ مەخۆ، لەبەر ئەوە لاشەکەت ناچێتە ناو گۆڕی باوباپیرانت.“» |
پاش ئەوەی پیاوەکەی خودا خواردی و خواردیەوە، ئەو پێغەمبەرەی کە گەڕاندبوویەوە، گوێدرێژەکەی بۆ کورتان کرد. |
جا ڕۆیشت و لە ڕێگا شێرێکی لێ پەیدا بوو، کوشتی. لاشەکەی لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژ و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون. |
لەو کاتەدا چەند پیاوێک تێپەڕین و بینییان لاشەکە لەسەر ڕێگاکە کەوتووە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستاوە، ئینجا چوون و ئەو هەواڵەیان لەو شارەدا بڵاوکردەوە کە پێغەمبەرە پیرەکە تێیدا دەژیا. |
کاتێک ئەو پێغەمبەرەی کە ئەوی گەڕاندەوە لەسەر ڕێگاکە بیستی، گوتی: «ئەوە پیاوەکەی خودایە کە سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانی کرد. یەزدانیش دایە دەستی شێر و پەلاماری دا و کوشتی، هەروەک یەزدان فەرمووی ئاوای بەسەرهات.» |
ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش کورتانیان کرد. |
چوو و لاشەکەی بینییەوە لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژەکە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون. شێرەکە لاشەکەی نەخواردبوو، پەلاماری گوێدرێژەکەشی نەدابوو. |
پێغەمبەرەکە لاشەی پیاوەکەی خودای هەڵگرت و خستییە سەر گوێدرێژەکە و بردییەوە، پێغەمبەرە پیرەکە هاتە ناو شارەکەوە هەتا بینێژێت و پرسەی بۆ بگرێت. |
ئینجا لاشەکەی خستە ناو گۆڕەکەی خۆی، شیوەنیان بۆ گێڕا و گوتیان: «ئای براکەم!» |
پاش ئەوەی کە ناشتیان، قسەی لەگەڵ کوڕەکانی کرد و گوتی: «کە مردم لەو گۆڕەدا بمنێژن کە پیاوەکەی خودای تێدا نێژرا، ئێسکەکانم لەتەنیشت ئێسکەکانی ئەو دابنێن، |
چونکە بە تەواوی ئەو پەیامە دێتە دی، کە بەپێی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکەی بێتئێل و ڕووەو هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کردی، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی سامیرەدان.» |
تەنانەت لەدوای ئەم ڕووداوەش، یارۆڤعام لە ڕێگا خراپەکەی پاشگەز نەبووەوە، بەڵکو دووبارە لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی، هەرکەسێک دەیویست ببێتە کاهین، ئەرکی پێ دەسپارد و دەبووە یەکێک لە کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزایی. |
ئەمە بووە گوناه بۆ بنەماڵەی یارۆڤعام، بووە هۆی وێرانبوون و لەناوچوونیان لەسەر ڕووی زەوی. |