ئەمە لیستی پلەدارەکانی نەوەی ئیسرائیلە، کە گەورەی بنەماڵەکان و فەرماندەی هەزاران و سەدان بوون، لەگەڵ ئەفسەرەکانیان کە لە هەموو کاروباری لەشکرەکانیان خزمەتی پاشایان دەکرد. ئەمانە بە نۆبە دەهاتنە سەربازی و دەڕۆیشتنەوە، بە درێژایی ساڵ، مانگ بە مانگ، هەر لەشکرێکیش بریتی بوو لە بیست و چوار هەزار پیاو. |
یاشۆڤەعامی کوڕی زەبدیێل فەرماندەی لەشکری یەک بوو بۆ مانگی یەک، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو، |
لە نەوەی پێرێز بوو، فەرماندەی هەموو ئەفسەرەکانی لەشکری مانگی یەک بوو. |
دۆدایی ئەحۆحیش فەرماندەی لەشکری مانگی دوو بوو، لە لەشکرەکەی ئەودا میقلۆت سەرکردە بوو، لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین فەرماندەی لەشکری مانگی سێ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
ئەمە ئەو بەنایایە کە پاڵەوان بوو لەنێو سییەکە و سەرکردەیان بوو، عەمیزاڤادی کوڕیشی فەرماندەی ئەفسەرەکانی ناو لەشکرەکەی بوو. |
عەساهێلی برای یۆئاب فەرماندەی لەشکری مانگی چوار بوو، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو، پاشان زەڤەدیای کوڕی جێگەی گرتەوە. |
شەمهوتی یزراحی فەرماندەی لەشکری مانگی پێنج بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پێکهاتبوو. |
عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی فەرماندەی لەشکری مانگی شەش بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
حەلەچی پەلۆنی لە نەوەی ئەفرایم فەرماندەی لەشکری مانگی حەوت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
سیبەخەیی حوشاتی لە خێڵی زەرەحییەکان فەرماندەی لەشکری مانگی هەشت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
ئەبیعەزەری عەناتۆتی لە نەوەی بنیامین فەرماندەی لەشکری مانگی نۆ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
مەهەرەیی نەتۆفایی لە خێڵی زەرەحییەکان فەرماندەی لەشکری مانگی دە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
بەنایای پیرعاتۆنی لە نەوەی ئەفرایم فەرماندەی لەشکری مانگی یازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
حەلدەیی نەتۆفایی لە نەوەی عۆسنیێل فەرماندەی لەشکری مانگی دوازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. |
ئەمانە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل بوون: بۆ هۆزی ڕەئوبێنییەکان: ئەلیعەزەری کوڕی زکری؛ بۆ شیمۆنییەکان: شەفەتیای کوڕی مەعکا؛ |
بۆ لێڤییەکان: حەشەڤیای کوڕی قەموئێل؛ بۆ هارون: سادۆق؛ |
بۆ یەهودا: ئەلیهو کە یەکێک لە براکانی داود بوو؛ بۆ یەساخار: عۆمری کوڕی میکائیل؛ |
بۆ زەبولون: یەشمەعیای کوڕی عۆبەدیا؛ بۆ نەفتالی: یەریمۆتی کوڕی عەزریێل؛ |
بۆ نەوەی ئەفرایم: هۆشێیەعی کوڕی عەزەزیاهو؛ بۆ نیوەی هۆزی مەنەشە: یۆئێلی کوڕی پەدایا؛ |
بۆ نیوەکەی دیکەی هۆزی مەنەشە لە گلعاد: ییدۆی کوڕی زەکەریا؛ بۆ بنیامین: یەعسیێلی کوڕی ئەبنێر؛ |
بۆ دان: عەزەرئێلی کوڕی یەرۆحام. ئەمانە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل بوون. |
داودیش ژمارەی ئەوانەی وەرنەگرت کە گەنجی بیست ساڵ و کەمتر بوون، چونکە یەزدان بەڵێنی دابوو کە ئیسرائیل وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر دەکات. |
یۆئابی کوڕی چەرویاش دەستی بە سەرژمێرییەکە کرد، بەڵام تەواوی نەکرد، چونکە ئەم سەرژمێرییە تووڕەیی خودای هێنایە سەر ئیسرائیل، هەروەها ئاماری سەرژمێرییەکەش لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی داود پاشادا تۆمار نەکرا. |
عەزماڤێتی کوڕی عەدیێل لێپرسراوی گەنجینەکانی پاشا بوو. یۆناتانی کوڕی عوزیا لێپرسراوی ئەو ئەمبارانە بوو کە لە کێڵگە و شارۆچکە و گوند و لەناو قوللەکانی چاودێری بوون. |
عەزری کوڕی کەلووڤیش لێپرسراوی وەرزێرەکانی کێڵگە بوو، ئەوانەی زەوییان دەکێڵا. |
شیمعی ڕاماتی لێپرسراوی ڕەزەمێوەکان بوو. زەبدی شیفەمی لێپرسراوی بەروبوومەکانی ڕەز بوو بۆ ئەمبارەکانی شەراب. |
بەعلحانانی گەدەری لێپرسراوی دار زەیتوون و دار هەنجیرەکانی کە لە زوورگەکانی یەهودا بوو. یۆعاشی بەرپرسیاری ئەمبارەکانی زەیت بوو. |
شیترەیی شارۆنی لێپرسراوی ئەو مانگایانە بوو کە لە دەشتاییەکانی شارۆندا دەلەوەڕان. شافاتی کوڕی عەدلای لێپرسراوی مانگاکانی ناو دۆڵەکان بوو. |
ئۆبیلی ئیسماعیلی لێپرسراوی وشترەکان بوو. یەحدەیاهوی مێرۆنۆتی لێپرسراوی گوێدرێژەکان بوو. |
یازیزی هاجەری لێپرسراوی مەڕەکان بوو. هەموو ئەمانە لێپرسراوی ماڵوموڵکەکانی داودی پاشا بوون. |
یۆناتانی مامی داودیش ڕاوێژکار بوو، پیاوێکی تێگەیشتوو و سەرقەڵەم بوو، یەحیێلی کوڕی حەکمۆنیش چاودێری کوڕەکانی پاشا بوو. |
ئەحیتۆفەل ڕاوێژکاری پاشا بوو. حوشەی ئەرکیش هاوڕێی پاشا بوو. |
لەپاش ئەحیتۆفەلیش یەهۆیاداعی کوڕی بەنایا بوو بە ڕاوێژکار، دوای ئەمیش ئەبیاتار جێگەی گرتەوە. یۆئابیش سەرکردەی سوپاکەی پاشا بوو. |