لەو کاتەدا قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟» |
ئەویش منداڵێکی بانگکرد و لەناوەڕاستیاندا ڕایگرت، |
فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە. |
بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە. |
ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات. |
«ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت. |
قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناه دەکەن، چونکە گوناهکردن هەر دەبێت هەبێت، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە دەبێتە هۆکار بۆ کەوتنە نێو گوناه. |
ئەگەر دەستت یان پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە. (aiōnios g166) |
ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. (Geenna g1067) |
«ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. |
کوڕی مرۆڤ هاتووە بۆ ئەوەی ونبووان ڕزگار بکات. |
«ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ |
ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! |
بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت. |
«ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە. |
خۆ ئەگەر گوێی نەگرت، یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە، تاکو [هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت.] |
ئەگەر بەگوێی نەکردن، بە کڵێسا بڵێ، ئەگەر بەگوێی کڵێساشی نەکرد، ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ. |
«ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی ئێوە لەسەر زەوی دایبخەن، لە ئاسمانیش داخراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت. |
«دیسان ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر دووان لە ئێوە لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچی داوا بکەن، باوکم کە لە ئاسمانە بۆتان جێبەجێ دەکات، |
چونکە لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.» |
ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت: «گەورەم، دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تاکو حەوت جار؟» |
عیساش پێی فەرموو: «من پێت ناڵێم حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار! |
«لەبەر ئەوە پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت ویستی حیساب لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات. |
کاتێک دەستی پێکرد، یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار کیسە زێڕ قەرزار بوو. |
کە هیچی نەبوو بیداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە. |
«لەبەر ئەوە خزمەتکارەکە لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی:”لەسەرم ڕابوەستە، هەمووت دەدەمەوە.“ |
گەورەی ئەو خزمەتکارە دڵی پێی سووتا، ئازادی کرد و لە قەرزەکە خۆشبوو. |
«ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار قەرزاری بوو، ملی گرت و گوتی:”ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە!“ |
«خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی چۆکی دادا و لێی پاڕایەوە:”لەسەرم ڕابوەستە، دەتدەمەوە.“ |
«بەڵام ڕازی نەبوو، چوو فڕێیدایە زیندانەوە، هەتا قەرزەکەی بداتەوە. |
کاتێک خزمەتکارە هاوکارەکانیان ڕووداوەکەیان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە. |
«ئەوسا گەورەکە خزمەتکارەکەی بانگ کرد و پێی گوت:”خزمەتکاری بەدکار، لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم، چونکە لێم پاڕایتەوە. |
ئایا نەدەبوو تۆش بەزەییت بە خزمەتکارە هاوکارەکەتدا بێتەوە، هەروەک چۆن من بەزەییم پێتدا هاتەوە؟“ |
جا گەورەکەی تووڕە بوو و دایە دەست جەلادەکانەوە، هەتا هەموو قەرزەکەی بداتەوە. |
«باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات، ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە گەردنی خوشکی یان براکەی ئازاد نەکات.» |