ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. |
کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، |
لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش. |
زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. |
شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد. |
کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد. |
بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!» |
چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!» |
ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە، چونکە ئێمە زۆرین.» |
زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە. |
لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان، |
ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.» |
ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون، بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان. |
بەرازەوانەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە. |
کاتێک هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، ئیتر ترسان. |
ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و ئەو کەسەدا هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە. |
ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات. |
کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات. |
ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.» |
جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون. |
دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لە کەناری دەریاچەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. |
یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و |
زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.» |
عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد. |
ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو. |
بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو. |
باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا، |
چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» |
دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی. |
یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟» |
قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟» |
بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد. |
ژنەکەش کە بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەموو شتێکی بە ڕاستی پێ گوت. |
ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.» |
کاتێک عیسا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.» |
عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.» |
نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت. |
هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە. |
چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» |
بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین. بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو. |
دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» کە بە واتای «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» دێت. |
کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. |
بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات. |