ئەی ساوفیلۆسی پایەبەرز، زۆر کەس هەستان بە داڕشتنی چیرۆکی ئەو شتانەی لەلای ئێمە هاتنە دی، |
وەک ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە پێمان گەیشت کە لە سەرەتاوە شایەتحاڵ و خزمەتکاری پەیامەکە بوون. |
لەدوای ئەوەی من لە سەرەتاوە پشکنینێکی وردم بۆ هەموو شتێک کرد، ئێستاش بە باشم زانی بە ڕیزبەندی بۆت بنووسم، |
تاکو لە ڕاستی ئەو قسانە دڵنیابی کە فێرکراوی. |
لەو سەردەمەی هێرۆدسی باوک پاشای یەهودیا بوو، کاهینێک لە نۆرەی نەوەی ئەبیا هەبوو کە ناوی زەکەریا بوو، ئەلیساباتی ژنیشی لە نەوەی هارون بوو. |
هەردووکیان لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست بوون، بێ گلەیی بوون لە پەیڕەوکردنی هەموو ڕاسپاردە و حوکمەکانی یەزدان. |
بەڵام منداڵیان نەدەبوو، چونکە ئەلیسابات نەزۆک بوو، هەردووکیشیان بە ساڵدا چووبوون. |
کاتێک زەکەریا لە نۆرەی کۆمەڵەکەی خۆیدا کاروباری کاهینیێتی جێبەجێ دەکرد لەبەردەم خودا، |
بەگوێرەی نەریتی کاهینیێتی، تیروپشکی کەوتە سەر تاکو بچێتە ناو پەرستگای یەزدان و بخوور بسووتێنێت. |
لە کاتی سووتانی بخوورەکەدا، خەڵکی هەموو لە دەرەوە نوێژیان دەکرد. |
لەوێ فریشتەیەکی یەزدانی بۆ دەرکەوت، لەلای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوەستابوو. |
کاتێک زەکەریا فریشتەکەی بینی، پەشۆکا و ترسی لێ نیشت. |
بەڵام فریشتەکە پێی گوت: «زەکەریا مەترسە، چونکە پاڕانەوەکەت بیسترا، ئەلیساباتی ژنیشت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی لێ دەنێیت یەحیا. |
ئەو دەبێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ تۆ، زۆر کەس بە لەدایکبوونی دڵخۆش دەبن، |
چونکە ئەو لەبەرچاوی یەزدان دەبێتە کەسێکی مەزن و پایەبەرز. هەرگیز شەراب و مەی ناخواتەوە. لە سکی دایکییەوە پڕدەبێت لە ڕۆحی پیرۆز و |
زۆر لە ڕۆڵەکانی ئیسرائیل بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان دەگەڕێنێتەوە. |
بە ڕۆح و توانای ئەلیاسەوە پێش یەزدان دەکەوێت، تاکو دڵی باوکان بۆ لای منداڵەکان ڕابکێشێت و یاخیبووانیش بۆ لای دانایی ڕاستودروستان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ یەزدان پێکبهێنێت.» |
زەکەریاش بە فریشتەکەی گوت: «چۆن لەمە دڵنیا بم، چونکە خۆم پیرم و ژنەکەشم بە ساڵدا چووە؟» |
فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «من جبرائیلم لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم تاکو لەگەڵت بدوێم و ئەم مژدەیەت بدەمێ. |
ئەوەتا لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە قسەکەم نەکرد، ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی.» |
خەڵکەکە چاوەڕوانی زەکەریایان دەکرد و سەرسام ببوون لە دواکەوتنی لەناو پەرستگادا. |
کاتێک هاتە دەرەوە نەیتوانی لەگەڵیان بدوێت، جا زانییان کە لە پەرستگادا بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە، چونکە بە ئیشارەت لەگەڵیان دەدوا و بە لاڵی مایەوە. |
کاتێک ڕۆژانی خزمەتکردنەکەی تەواوبوو، گەڕایەوە ماڵ. |
دوای ئەو ڕۆژانە، ئەلیساباتی ژنی سکی پڕبوو، پێنج مانگ خۆی شاردەوە و دەیگوت: |
«یەزدان ئەمەی بۆ کردم، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی نیشان دا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە.» |
کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، |
بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داود بە ناوی یوسف، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. |
جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵە.» |
بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. |
فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. |
ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. |
پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. |
هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.» (aiōn g165) |
بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟» |
فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. |
ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، |
چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.» |
مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت. |
لەو ڕۆژانەدا، مریەم هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا. |
چووە ماڵی زەکەریا و سڵاوی لە ئەلیسابات کرد. |
کاتێک ئەلیسابات گوێی لە سڵاوەکەی مریەم بوو، منداڵەکە لە سکیدا کەوتە جوڵەجوڵ و ئەلیسابات پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز. |
ئەلیسابات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا بەرەکەتداریت، بەرهەمی سکت بەرەکەتدار دەبێت! |
بۆ من کێم تاکو دایکی گەورەکەم بێت بۆ لام؟ |
چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت، منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە. |
خۆزگە دەخوازرێت بەوەی باوەڕی هێناوە کە لە یەزدانەوە چی پێ گوتراوە دێتە دی.» |
مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات، |
ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە، |
چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن، |
چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو. |
بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن، نەوە دوای نەوە. |
بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا، ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە. |
تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و بێفیزەکانی بڵند کردەوە. |
برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد، دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە. |
بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە |
لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی، هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.» (aiōn g165) |
مریەم لەلای ئەلیسابات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. |
ئەلیسابات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو. |
جا دراوسێ و خزمانی بیستیان یەزدان دەرگای بەزەیی فراوانی خۆی بۆ کردووەتەوە، لەگەڵی شادمان بوون. |
لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی منداڵەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەکەریا. |
بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یەحیا.» |
پێیان گوت: «کەس لە خزمانت بەم ناوە ناونەنراوە.» |
ئینجا ئاماژەیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت. |
تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یەحیایە.» هەموو سەرسام بوون. |
دەستبەجێ دەم و زمانی زەکەریا کرایەوە، دەستی کرد بە قسەکردن و ستایشی خودا. |
هەموو دراوسێکانیان ترسیان لێ نیشت و لە سەراپای ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوون بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی. |
هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئایا ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی یەزدانی لەگەڵ بوو. |
زەکەریای باوکیشی پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی کرد و گوتی: |
«ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە. |
هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە، لە بنەماڵەی داودی بەندەی، |
وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە، (aiōn g165) |
بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و هەموو ناحەزانمان، |
هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی، |
واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد: |
کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و بێ ترس ئەو بپەرستین، |
هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی لەبەردەمیدا بین. |
«تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت، چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت، |
تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت، |
بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە، کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە، |
تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.» |
منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە ڕۆحدا بەهێز دەبوو، لە چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی ئیسرائیل دەرخست. |