هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت: «”کۆتایی! کۆتاییەکە هات! هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە. |
ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە، تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم. بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە. |
جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و دەستم لێت ناپارێزم، بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم، سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“ |
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”بەڵایەک دێت! بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە! |
کۆتاییەکە هات! کۆتاییەکە هات! ئاوڕی لێت دایەوە، ببینە، وا هات! |
ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت، کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە، لەسەر چیاکان هاتوهەرایە، نەک هاواری خۆشی. |
ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم، بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم. |
جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و دەستم لێت ناپارێزم، بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم، سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن. ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم. |
«”ئەوەتا ڕۆژەکە! ئەوەتا هات! چەرخ سووڕایەوە، داردەست گوڵی کرد، لووتبەرزی چرۆی کرد! |
ستەم بووە داردەستی خراپە، نە خۆیان و نە سامانیان و نە هاتوهەرایان دەمێنێت، شکۆیان نامێنێت. |
کاتەکە هاتووە! ڕۆژەکە گەیشتووە! ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و نە فرۆشیار خەمبار دەبێت، چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە. |
فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت فرۆشراو وەرناگرێتەوە، چونکە ئەو پەیامەی خودا بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە، مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت. |
«”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن، بەڵام کەس ناچێتە جەنگ، چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە. |
شمشێر لە دەرەوە و دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە. ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت، ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات. |
ئەوانەی دەرباز دەبن هەڵدێن بۆ چیاکان و وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن، هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی. |
هەموو دەستەکان شل دەبن و هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو. |
جلوبەرگی گوش دەپۆشن و ترس دایاندەگرێت. ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و سەریان دەڕووتێتەوە. |
«”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و زێڕیان دەبێتە گڵاوی. زێڕ و زیویان ناتوانێت لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت. بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن، چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان. |
بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا، وێنەی قێزەونیان دروستکرد. لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی. |
دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی، هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی، جا گڵاوی دەکەن. |
ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن، توندوتیژەکان دێنە ناویەوە، ئەوێ گڵاو دەکەن. |
«”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن! چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن، شارەکەش پڕ بووە لە ستەم. |
جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن، شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم، پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت. |
لە کاتی تۆقینیان داوای ئاشتی دەکەن و نییە. |
بەڵا لەسەر بەڵا و هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت، داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن، فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت، ڕاوێژکردنیش لەلای پیران. |
پاشا دەگریێت و میر نائومێد دەبێت، دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت. بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“» |