بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، |
بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو بە ئاشتی و هێمنی و بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە بژین. |
ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، |
ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بەرەو ناسینی ڕاستی بێن، |
چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، |
ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش لە کاتی گونجاو بوو. |
بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان. |
جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن و بێ تووڕەیی و مشتومڕ دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە. |
ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، |
بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات. |
ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. |
ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت، بەڵکو دەبێت لە هێمنیدا بێت، |
چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. |
هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. |
بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە. |