خوشکان، برایان، کاتێک من قسەم لەگەڵ کردن، نەمتوانی ئێوە وەک ئەوانە دابنێم کە بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بەڵکو وەک ئەوانەی کە هێشتا دنیایین، هەروەک منداڵی ساوا بن لە خانەوادەی مەسیحدا. |
شیرم پێداون نەک خواردن، چونکە هێشتا نەتاندەتوانی، ئێستاش ناتوانن. |
ئێوە هێشتا دنیایین. کە ئیرەیی و ناکۆکی لەنێوانتاندا هەبێت، ئایا دنیایی نین و تەنها وەک مرۆڤ ناژین؟ |
چونکە کاتێک یەکێک دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، ئەوی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، ئایا وەک خەڵکی دیکە نین؟ |
ئەپۆلۆس چییە؟ پۆڵس چییە؟ تەنها خزمەتکارن کە لە ڕێگەی ئەوانەوە باوەڕتان هێناوە، هەروەک چۆن مەسیحی خاوەن شکۆ بە هەر یەکێکی داوە. |
من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا، بەڵام خودا بوو گەشەی پێکرد. |
ئیتر نە تۆوچێن گرنگە و نە ئاودێر، بەڵکو تەنها خودا گرنگە کە گەشەی پێ دەکات. |
تۆوچێن و ئاودێر یەکن، هەریەکە بەگوێرەی ماندووبوونی خۆی کرێی خۆی وەردەگرێت. |
جا ئێمە هاوکاری خوداین، ئێوەش کێڵگەی خودا و خانووی خودان. |
بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت. |
کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە. |
بەڵام ئەگەر هەرکەسێک لەسەر ئەو بناغەیە بە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت، |
کارەکەی دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات. |
ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت. |
ئەگەر کاری یەکێک سووتا، ئەوا هەرچەندە بنیادنەرەکە زیانی پێ دەگات، بەڵام ڕزگاری دەبێت، وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵاتبێت. |
ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟ |
ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن. |
با کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. ئەگەر یەکێک لەنێوتان خۆی بە دانای ئەم دنیایە دەزانێت، با ببێتە گێل تاکو بەڕاستی ببێتە دانا. (aiōn g165) |
دانایی ئەم جیهانە لەلای خودا گێلایەتییە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: [ئەو داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت.] |
هەروەها: [یەزدان بیرکردنەوەی داناکان دەزانێت کە پووچە.] |
کەواتە، با کەس شانازی بە مرۆڤەوە نەکات! چونکە هەموو شتێک هی ئێوەیە، |
پۆڵس یان ئەپۆلۆس یاخود پەترۆس، جیهان یان ژیان یان مردن، شتەکانی ئێستا یاخود داهاتوو، هەموو شتێک هی ئێوەیە، |
ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودایە. |