ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیم کە بە جەستە باوکمانە، چی بۆ دەرکەوت؟ |
ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا. |
ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.] |
ئەو کەسەی کار دەکات، کرێیەکەی بە دیاریی دانانرێت، بەڵکو مافی خۆیەتی. |
بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت. |
داود لە خۆزگەخواستن بەو کەسەی کە خودا بەبێ کردار ڕاستودروستیی بۆ دادەنێت، هەمان شت دەڵێت: |
[خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون، گوناهەکانیان داپۆشراون. |
خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.] |
ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنەنەکراوانیشە؟ ئێمە دەڵێین باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا. |
کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن! |
ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت. |
هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت. |
جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو کە ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەوە بوو کە لە ڕێگەی باوەڕەوە بوو، |
چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ، |
چونکە شەریعەت تووڕەیی خودای لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر شەریعەت نەبێت، سەرپێچییش نییە. |
بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە هەمان باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە، |
وەکو نووسراوە: [من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.] ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون. |
هەرچەندە هیچ هیوا و ئومێدێک بەدی نەدەکرا، بەڵام ئیبراهیم ئومێدەوار بوو و باوەڕی بەوە هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: [نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.] |
باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە. |
بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد، |
دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر. |
لەبەر ئەمە [بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.] |
ئەوەی نووسراوە: [بۆی دانرا] تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو، |
بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە. |
ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە. |