کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟ |
زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا. |
کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزیی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟ |
نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە: [تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.] |
بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا زۆردارە ئەگەر تووڕەیی خۆی بەسەرماندا بڕژێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.) |
نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟ |
لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟» |
ئەی بۆ نەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت،» وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن؟ ئەو کەسانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە! |
کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن، |
وەک نووسراوە: [کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش، |
کەس نییە تێبگات، کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت. |
هەموو ڕوویان وەرگێڕا و تێکڕا بێ سوود بوون. کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.] |
[قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە، بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.] [ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.] |
[دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.] |
[پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن، |
وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە |
ڕێگای ئاشتی پێنازانن.] |
[ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.] |
ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا. |
بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە دەناسرێت. |
بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پەیامی پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن. |
ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی، |
لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوور کەوتنەوە و |
بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە. |
خودا مەسیحی وەک کەفارەت پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشیکردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا، |
هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە. |
بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ. |
کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت. |
ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە، |
چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنە نەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات. |
ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت دەچەسپێنین. |