کاتێک بەرخەکە مۆری حەوتەمی کردەوە، نیو کاتژمێر بێدەنگییەک ئاسمانی گرتەوە. |
ئەو حەوت فریشتەیەم بینی کە لەبەردەم خودا ڕادەوەستن و حەوت کەڕەنایان پێدرابوو. |
فریشتەیەکی دیکەش هات و لەلای قوربانگاکە وەستا، بخووردانێکی زێڕینی پێبوو. بخوورێکی زۆریشی پێدرابوو تاکو لەگەڵ نوێژی گەلی پیرۆزی خودا لەسەر ئەو قوربانگا زێڕینەی کە لەبەردەم تەختەکەیە پێشکەشی بکات. |
لەگەڵ نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودا، دووکەڵی بخوور لە دەستی فریشتەکە لەبەردەم خودا بەرزبووەوە. |
فریشتەکەش بخووردانەکەی برد و لە قوربانگاکە پڕی کرد لە ئاگر و فڕێیدایە سەر زەوی. ئیتر بوو بە هەورەگرمە و دەنگەدەنگ و هەورە بروسکە، پاشان بوومەلەرزەیەک ڕوویدا. |
ئیتر ئەو حەوت فریشتەیەی کە حەوت کەڕەناکەیان پێبوو، خۆیان بۆ لێدانی کەڕەنا ئامادە کرد. |
فریشتەی یەکەم کەڕەناکەی لێدا و تەرزە و ئاگری تێکەڵ بە خوێن پەیدابوو، فڕێدرانە سەر زەوی. سێیەکی زەوی سووتا و سێیەکی درەختەکانیش سووتان و هەموو گیایەکی سەوز سووتان. |
فریشتەی دووەم کەڕەناکەی لێدا و شتێک لە شێوەی چیایەکی گەورەی گڕگرتوو فڕێدرایە دەریاوە. سێیەکی دەریاکەش بووە خوێن، |
سێیەکی بوونەوەرانی زیندووی دەریاش مردن، سێیەکی کەشتییەکانیش تێکشکان. |
فریشتەی سێیەم کەڕەناکەی لێدا و ئەستێرەیەکی گەورەی پرشنگداری وەک چرا لە ئاسمانەوە کەوتە سەر سێیەکی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو، |
ئەستێرەکەش ناوی زەقنەبووت بوو. سێیەکی ئاو تاڵ بوو، خەڵکانێکی زۆریش لەبەر تاڵی ئاوەکە مردن. |
فریشتەی چوارەمیش کەڕەناکەی لێدا و سێیەکی خۆر و سێیەکی مانگ و سێیەکی ئەستێرەکان لێدران، تاکو سێیەکیان تاریک بن. ڕۆژ سێیەکی تاریک بوو، سێیەکی شەویش بە هەمان شێوە بێ ڕووناکی بوو. |
پاشان تەماشام کرد، بیستم هەڵۆیەکی هەڵفڕیو لەناوەڕاستی ئاسماندا، بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «قوڕبەسەرتان! قوڕبەسەرتان! ئەی دانیشتووانی سەر زەوی، قوڕبەسەرتان! کاتێک ئەو سێ فریشتەیەی کە خەریکن کەڕەناکانیان لێدەدەن، چی بەسەر زەوی دەهێنن!» |