لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان، دڵشاد بن بە مەسیحی خاوەن شکۆ! نووسینەوەی هەمان ئەم شتانە ماندووم ناکات، بەڵکو بۆ پاراستنی ئێوەیە. |
ئاگاداری سەگەکان بن، ئاگاداری بەدکاران و جەستەبڕەکان بن! |
لەبەر ئەوەی ئێمە بە ڕاستی خەتەنەکراوین، کە بە ڕۆحی پیرۆز خودا دەپەرستین و شانازی بە عیسای مەسیحەوە دەکەین، پشت بە جەستە نابەستین. |
هەرچەندە منیش هۆکارم هەیە پشت بە جەستە ببەستم. ئەگەر یەکێک وابزانێت هۆکاری هەیە بۆ ئەوەی پشت بە جەستە ببەستێت، من لەپێشترم: |
کۆرپەی هەشت ڕۆژ بووم کە خەتەنە کراوم، لە ڕەگەزی ئیسرائیل، تیرەی بنیامین، عیبرانی کوڕی عیبرانی. بەگوێرەی تەورات فەریسی بووم، |
بەگوێرەی دڵگەرمی چەوسێنەری کڵێسا بووم، بەگوێرەی ئەم ڕاستودروستییە کە بەپێی شەریعەتە، بێ گلەیی بووم. |
بەڵام ئەوەی بۆ من قازانج بوو، لە پێناوی مەسیحدا ئەمانە بە زیان دەزانم. |
لەمەش زیاتر هەموو شتێک بە زیان دەزانم لەبەر بەرزی بەهای ناسینی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ. لە پێناوی ئەودا هەموو شتێکم لە دەست دا و هەموو ئەو شتانەم بە زبڵ دانا، بۆ ئەوەی مەسیح بەدەستبهێنم و |
وەک کەسێک کە لەگەڵ مەسیحدا بووبێتە یەک هەژمارد بکرێم، نەک بە ڕاستودروستی خۆم کە لە شەریعەتەوەیە، بەڵکو لە ڕێگەی باوەڕەوە بە مەسیح، ئەو ڕاستودروستییەی کە لە خوداوەیە و پشت بە باوەڕ دەبەستێت. |
ئامانجم ئەوەیە مەسیح بناسم و هێزی هەستانەوەکەی بزانم و هاوبەشی ئازاری بم، وەک ئەو بم لە مردنی، |
تاوەکو بگەمە هەستانەوەی نێو مردووان. |
من ناڵێم پێشوەخت هەموو ئەمەم بەدەستهێناوە یان گەیشتوومەتە ئامانج، بەڵکو کۆشش دەکەم ئەوە بەدەستبهێنم کە عیسای مەسیح لە پێناویدا منی بەدەستهێنا. |
خوشکان، برایان، من وا دانانێم کە بەدەستم هێناوە، بەڵام تەنها یەک شت دەکەم: ڕابردوو لەبیر دەکەم و بەرەو داهاتوو بەوپەڕی کۆششەوە هەنگاو دەنێم، |
بەرەو ئامانج تێدەکۆشم تاکو ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنم کە خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بانگهێشتی کردووم بۆ ئاسمان. |
با هەموو ئەوانەمان کە لە ڕووی ڕۆحییەوە پێگەیشتووین، ئاوا بیر بکەینەوە، ئەگەر بیرتان لە شتێکی جیاوازیش کردەوە، خودا ئەمەشتان بۆ ئاشکرا دەکات. |
با دەست بەوەوە بگرین کە بەدەستمان هێناوە. |
ئەی خوشک و برایانم، پێکەوە لاسایی من بکەنەوە و بڕواننە ئەوانەی ئاوا دەژین، بەگوێرەی ئەم نموونەیەی ئێمە پێمان دان. |
زۆرم پێ گوتن، ئێستاش بە گریانەوە دەڵێم، زۆر کەس بە شێوەیەک دەژین، دوژمنی خاچی مەسیحن، |
ئەوانە کۆتاییان لەناوچوونە، خودایان سکیانە و شانازی بە شەرمەزاربوونیانەوە دەکەن، بیر لە شتی دنیایی دەکەنەوە. |
بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، |
ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات. |