ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن، |
ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن. |
هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن. |
تەنها بایەخ بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان مەدەن، بەڵکو با هەریەکەتان بایەخ بە بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بدات. |
وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە: |
ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە، نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە، |
بەڵکو خۆی کردە هیچ، شێوەی بەندەی وەرگرت، وەک مرۆڤی لێهات، |
کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا، خۆی نزم کردەوە و تاکو مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ. |
لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و ئەو ناوەی دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە، |
تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدات، لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش، |
هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە، بۆ شکۆی خودای باوک. |
بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان، |
چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو. |
هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن، |
تاکو بێ گلەیی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە، |
کاتێک کە ئێوە دەست بە وشەی ژیانەوە دەگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە ڕام نەکرد و ڕەنجم نەکێشاوە. |
بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم، ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان. |
جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن. |
هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم، |
چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات، |
لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح. |
بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە. |
بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم. |
متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم. |
بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە. |
ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە هەواڵی نەخۆشبوونی ئەوتان بیستووە. |
بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت. |
بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە. |
کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن، |
چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن. |