لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە، بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و |
خوشکە ئەپفییە و ئەرخیپۆس کە سەربازە لەگەڵمان، هەروەها بۆ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەتدا کۆدەبنەوە: |
با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت. |
هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم، |
چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە. |
نوێژ دەکەم کە باوەڕی هاوبەشمان کاریگەر بێت لە زانینی هەموو چاکەیەک کە لە پێناوی مەسیحدا بەشداری دەکەین. |
ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە. |
بۆیە هەرچەندە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا مافی ئەوەم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم، |
بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم، |
داواکارییەکم لێت هەیە سەبارەت بە ئۆنسیمۆسی کوڕم، ئەوەی لە بەندیخانە لە ڕێگەی منەوە باوەڕی هێنا. |
پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆ هەیە. |
ئەو دەنێرمەوە لات، کە جگەرمە. |
حەزم دەکرد لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتی منی کۆت و بەندکراو لە پێناوی مزگێنیی مەسیح بکات. |
بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندیی تۆ هیچ شتێک بکەم، تاکو چاکەکەت بە خواستەوە بێت نەک بە ناچاری. |
لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەک لێت دوور کەوتەوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە بگەڕێتەوە لات، (aiōnios g166) |
جا لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆیلە نییە، بەڵکو لە کۆیلە باشترە، برایەکی باوەڕداری خۆشەویستە. ئەگەر برایەکی خۆشەویست بێت بۆ من، ئاخۆ چەند زیاتر دەبێت بۆ تۆ، کە بە لەش وەک مرۆڤ و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا وەک برا هاوبەشن. |
لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆ من بە هاوبەش دادەنێیت، وەک من وەریبگرەوە. |
ئەگەر خراپەیەکی لەگەڵ کردوویت یان قەرزێکت بەسەرییەوە هەیە، لەسەر منی بنووسە. |
من پۆڵسم، بە دەستی خۆم نووسیومە، من دەیدەمەوە. نامەوێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قەرزاری منی. |
برا گیان، لە پێناوی عیسای خاوەن شکۆمان ئەم چاکەیەم لەگەڵ بکە، بە مەسیح دڵخۆشم بکە. |
ئەمەت بۆ دەنووسم، چونکە دڵنیام گوێڕایەڵ دەبیت و دەزانم کە زیاتر لەوە دەکەیت کە داوات لێدەکەم. |
لەگەڵ ئەمەشدا، ژووری میوانداریم بۆ ئامادە بکە، چونکە هیوادارم بەهۆی نوێژەکانتانەوه بە ئێوە ببەخشرێم. |
ئەپەفراس کە لە پێناوی عیسای مەسیحدا لەگەڵ مندا بەند کراوە، سڵاوت لێدەکات. |
هەروەها مەرقۆس و ئەریستارخۆس و دیماس و لۆقا، کە هاوکارمن. |
با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت. |