لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێتلەحمی یەهودیا، لە سەردەمی هێرۆدسی پاشا، هەندێک مۆغ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، |
پرسییان: «پاشای لەدایکبووی جولەکە لەکوێیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.» |
کاتێک هێرۆدسی پاشا ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. |
هەموو کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتی گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» |
وەڵامیان دایەوە: «لە بێتلەحمی یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە ئاوا نووسراوە: |
«[بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت، شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.]» |
دوای ئەمە هێرۆدس بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. |
ئینجا بۆ بێتلەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.» |
لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێبوو. |
کاتێک ئەستێرەکەیان بینی، زۆر شادمان بوون، |
چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوینەوە و کڕنۆشیان بۆ برد و سندوقی گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان بە دیاری پێشکەش کرد. |
ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان. |
دوای ڕۆیشتنی مۆغەکان، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە منداڵەکە و دایکی ببە و ڕابکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس وا بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.» |
یوسفیش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت، |
هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، تاوەکو ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: [من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.] |
کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خواری لە بێتلەحم و دەوروبەری کوشت. |
ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی: |
[دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا، گریان و شیوەنێکی گەورە، ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت، ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەماون.] |
کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و |
گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی دەیانویست منداڵەکە بکوژن، مردن.» |
یوسفیش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل. |
بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل. |
جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، بۆ ئەوەی ئەو فەرمایشتەی لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە گوترابوو بێتە دی: [بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.] |