عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن. |
کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون. گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییەی پێی دراوە و ئەم پەرجووانەی لەسەر دەستی دەکرێن! |
ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی مریەم و براکەی یاقوب و یوسی و یەهوزا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» ئیتر ڕەتیان کردەوە. |
بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، لە شاری خۆی و لەنێوان خزم و کەسوکار و ماڵی خۆی نەبێت.» |
ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. |
لە بێباوەڕیی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا دەگەڕا و خەڵکی فێر دەکرد. |
دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد و دەسەڵاتی بەسەر ڕۆحە پیسەکاندا پێدان. |
ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن، |
پێڵاو لە پێ بکەن بەڵام کراسی زیادە لەبەر مەکەن. |
پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. |
ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.» |
ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا. |
ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە. |
هێرۆدسی پاشا لەم بارەیەوە بیستی، چونکە ناوی عیسا دەنگیدابووەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.» |
خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.» هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن.» |
بەڵام هێرۆدس کاتێک بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!» |
هێرۆدس لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خۆی خواستبووی، ناردبووی و یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، |
لەبەر ئەوەی یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» |
ئیتر هیرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی، |
چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت. |
لە کۆتاییدا دەرفەتێک ڕێککەوت. هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی جەلیل سازکرد. |
کچی هیرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد. جا هێرۆدس و ئەوانەی دڵخۆش کرد کە لەگەڵی پاڵیاندابووەوە. پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ.» |
سوێندیشی بۆ خوارد: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت.» |
ئەویش چووە دەرەوە و بە دایکی گوت: «داوای چی بکەم؟» گوتی: «سەری یەحیای لەئاوهەڵکێش.» |
دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، داوای کرد و گوتی: «دەمەوێت ئێستا سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ.» |
پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکەی و ئەوانەی لەگەڵی لەسەر خوان بوون، نەیویست ڕەتی بکاتەوە. |
پاشا یەکسەر جەلادی نارد و فەرمانی دا سەری بهێنێت. ئەویش چوو و لە زیندان سەری پەڕاند، |
لەسەر سینییەک سەری ئەوی هێنا و دایە کچەکە، کچەش دای بە دایکی. |
قوتابییەکانی یەحیا بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان. |
نێردراوان لە عیسا کۆبوونەوە و هەموو ئەو کارە و فێرکردنانەیان بۆ گێڕایەوە کە کردبوویان. |
ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو. |
ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ. |
بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن. |
کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون، هەر بۆیە دەستی کرد بە فێرکردنیان بە زۆر شت. |
کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە. |
بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.» |
بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ، تاکو بیخۆن؟» |
ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.» کە زانییان گوتیان: «پێنج نان و دوو ماسی.» |
ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن. |
بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا. |
ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. |
هەموو خواردیان و تێر بوون. |
پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. |
ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون. |
دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێتسەیدا، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. |
دوای بەڕێکردنیان، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ. |
کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لەناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. |
کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوو بوون، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. |
بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، |
چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان. ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.» |
ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و ڕەشەباکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون، |
لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن؛ دڵیان هەر ڕەق بوو. |
کاتێک عیسا و قوتابییەکانی پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت. |
کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە. |
بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. |
بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە. |