کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، لە بێتفاجی و بێتعەنیا لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد، |
پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. |
ئەگەر یەکێک لێی پرسین:”بۆ ئەمە دەکەن؟“بڵێن:”گەورەمان پێویستی پێیەتی، ئینجا زوو دەینێرێتەوە بۆ ئێرە.“» |
چوون و بینییان وا جاشکێک لەسەر ڕێگاکە، لەبەر دەرگای ماڵێک بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. |
هەندێک کەس لەوێ ڕاوەستابوون، لێیان پرسین: «چی دەکەن، جاشکەکە دەکەنەوە؟» |
وەک ئەوەی عیسا پێی فەرمووبوون وەڵامیان دایەوە، ئیتر ڕێگایان دان. |
جاشکەکەیان بۆ عیسا هێنا و کەواکانیان خستە سەری، ئەویش سواری بوو. |
زۆر کەسیش کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکیش لە باخەکان لقەداریان بڕیبووەوە. |
ئەوانەی لەپێشییەوە و ئەوانەش کە لەدوایەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد: «[هۆسانا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!]» |
«پیرۆزە ئەو شانشینەی داودی باوکمان کە دێت!» «هۆسانا بۆ خودا!» |
عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم بۆ ناو حەوشەکانی پەرستگا، تەماشای هەموو شتێکی دەوروبەری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کات درەنگ بوو، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوونە دەرەوەی شار بۆ گوندی بێتعەنیا. |
بۆ بەیانی کە بێتعەنیایان بەجێهێشت، عیسا برسی بوو. |
لە دوورەوە دار هەنجیرێکی بینی گەڵای کردبوو، بەرەو لای چوو بە ئومێدی ئەوەی شتێکی پێوە ببینێ. گەیشتە لای و لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. |
ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز کەس لە بەرت ناخوات.» قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو. (aiōn g165) |
هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. |
نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت. |
فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە: [ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان]؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە [ئەشکەوتی دزان!]» |
کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون. |
کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار. |
بەیانی کە بەوێدا تێپەڕینەوە، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. |
پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!» |
عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. |
لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت. |
کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت. |
بەڵام ئەگەر ئێوە لێ خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت. » |
دیسان هاتنەوە ئۆرشەلیم، عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا دەگەڕا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیران هاتنە لای و |
لێیان پرسی: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم شتانە بکەیت؟» |
عیسا پێی فەرموون: «پرسیارێکتان لێ دەکەم، وەڵامم بدەنەوە، منیش پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم: |
لەئاوهەڵکێشانی یەحیا لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!» |
لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین،”لە ئاسمانەوە بوو،“دەڵێت،”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ |
ئەگەریش بڵێین،”لە مرۆڤەوە بوو“…» لە خەڵک دەترسان، چونکە یەحیا لەلای هەمووان بەڕاستی بە پێغەمبەر دادەنرا. |
ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.» |