جارێک عیسا لە شوێنێکدا نوێژی دەکرد، کاتێک لە نوێژەکەی بووەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، فێری نوێژمان بکە، هەروەک چۆن یەحیا قوتابییەکانی خۆی فێرکرد.» |
پێی فەرموون: «کاتێک نوێژ دەکەن، بڵێن:”باوکە، با ناوت پیرۆز بێت، با پاشایەتییەکەت بێ، |
نانی ڕۆژانەمان هەموو ڕۆژێک بدەرێ. |
لە گوناهەکانمان خۆشبە، چونکە ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن. مەمانخەرە تاقیکردنەوە.“» |
ئینجا پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر هاوڕێیەکی هەبێت و لە نیوەشەودا بچێتە لای و پێی بڵێت:”هاوڕێم، سێ کولێرەم بە قەرز بدەرێ، |
چونکە هاوڕێیەکم لە دوورەوە بۆ لام هاتووە، هیچم نییە لەبەردەمی دابنێم.“ |
ئەمەی ژوورەوە وەڵام دەداتەوە:”هەراسانم مەکە، دەرگا داخراوە، خۆم و منداڵم لەناو جێگاداین، ناتوانم هەستم و بتدەمێ.“ |
پێتان دەڵێم: ئەگەر لەبەر هاوڕێیەتی هەڵنەستێت و بیداتێ، ئەوا لەبەر پاراستنی ناوبانگی خۆی، هەڵدەستێت و دەیداتێ. |
«لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم، داوا بکەن، پێتان دەدرێت، بگەڕێن دەدۆزنەوە، لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، |
چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت، ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات لێی دەکرێتەوە. |
«چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای ماسی لێ بکات، لە جیاتی ماسی ماری دەداتێ؟ |
یان داوای هێلکە بکات دووپشکی دەداتێ؟ |
جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوک کە لە ئاسمانە، چەند زیاتر ڕۆحی پیرۆز دەداتە ئەوانەی داوای لێ دەکەن.» |
عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون. |
بەڵام هەندێکیان گوتیان: «بە بەعلزەبولی شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.» |
هەندێکی دیکەش تاقییان دەکردەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. |
ئەویش بە بیرکردنەوەیانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت وێران دەبێت، هەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت تێکدەچێت. |
ئەگەر شەیتان دووبەرەکی تێبکەوێت، ئیتر چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ چونکە دەڵێن:”من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەردەکەم.“ |
باشە ئەگەر من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان حوکمتان دەدەن. |
بەڵام ئەگەر من بە پەنجەی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان. |
«کاتێک پیاوێکی بەهێز و چەکدار پارێزگاری لە ماڵەکەی دەکات، ماڵەکەی پارێزراوە. |
بەڵام کاتێک یەکێکی لە خۆی بەهێزتر بێتە سەری دەیبەزێنێت، چەکەکانی لێ دەستێنێ کە پشتی پێی بەستبوو، تاڵانییەکەش دابەش دەکات. |
«ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە. |
«کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت:”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ |
کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت گسکدراوە و ڕێکخراوە. |
ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین، ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.» |
کاتێک عیسا ئەمانەی دەگوت، ژنێک لەناو خەڵکەکەوە دەنگی بەرز کردەوە و پێی گوت: «خۆزگە دەخوازرێت بەو سکەی هەڵیگرتووی و بەو مەمکەی شیری پێداوی.» |
ئەویش فەرمووی: «بەڵکو خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.» |
کاتێک خەڵکەکە زیاتر کۆدەبوونەوە، عیسا دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەم نەوەیە نەوەیەکی بەدکارە، داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس. |
هەروەک چۆن یونس بۆ خەڵکی نەینەوا بوو بە نیشانە، کوڕی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە ئاوا دەبێت. |
شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. |
خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. |
«کەس چرا هەڵناکات و لە جێیەکی شاراوە یان لەژێر تەشت دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادان، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن. |
چاوت چرای جەستەتە. کاتێک چاوت ساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام کە نەساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی تاریکییە. |
کەواتە ئاگاداربە ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە نەبێت بە تاریکی. |
لەبەر ئەوە ئەگەر هەموو لەشت پڕبێت لە ڕووناکی و هیچ بەشێکی تاریکی تێدا نەبێت، ئەوا هەمووی پڕدەبێت لە ڕووناکی، وەک چرایەک کە بە تیشکی ڕووناکیت بۆ بدات.» |
کاتێک عیسا قسەی دەکرد، فەریسییەک بۆ نانخواردن داوەتی کرد. ئەویش چووە ژوورەوە و دانیشت. |
فەریسییەکە کە بینی عیسا پێش نانخواردن دەستی نەشوشت، سەری سوڕما. |
ئینجا مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناختان پڕە لە چاوچنۆکی و بەدکاری. |
گێلینە، ئایا ئەوەی دەرەوەی دروستکردووە ناوەوەشی دروستنەکردووە؟ |
بەڵام ئێوە ئەوەی هەتانە بیدەنە هەژاران، ئیتر هەموو شتێک بۆتان پاک دەبێت. |
«بەڵام قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، ئێوە دەیەکی پونگ و ڕازیانە و هەموو سەوزەوات دەدەن، بەڵام دادپەروەری و خۆشەویستی خودا پشتگوێ دەخەن. پێویستە ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن. |
«قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، چونکە حەزتان لە ڕیزی پێشەوەی کەنیشت و سڵاو لێکردنتانە لە بازاڕدا. |
«قوڕبەسەرتان، ئێوە لەو گۆڕە نادیارانە دەچن کە خەڵکی بێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن.» |
تەوراتناسێک وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بە گوتنی ئەمانە، ئێمەش سووک دەکەیت.» |
عیسا فەرمووی: «قوڕبەسەر ئێوەی تەوراتناسیش، بارێک دەخەنە سەر شانی خەڵکی کە هەڵگرتنی زەحمەتە، بەڵام خۆتان بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان نادەن. |
«قوڕبەسەرتان، چونکە ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن، کە باوباپیرانتان کوشتوویانن. |
کەواتە ئێوە شایەتن و بە کردەوەی باوباپیرانتان ڕازین، ئەوان پێغەمبەرانیان کوشت و ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن. |
لەبەر ئەوە دانایی خودا فەرمووی:”من پێغەمبەر و نێردراویان بۆ دەنێرم، بەڵام لێیان دەکوژن و دەیانچەوسێننەوە،“ |
تاکو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە دامەزراندنی جیهانەوە ڕژاوە لەم نەوەیە داوا بکرێت، |
لە خوێنی هابیلەوە هەتا خوێنی زەکەریا کە لەنێوان قوربانگا و پیرۆزگادا لەناوبردرا. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەم نەوەیە داوا دەکرێت. |
«قوڕبەسەرتان تەوراتناسان، چونکە کلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نەچوونە ژوورەوە و ڕێتان لەوانەش گرت کە دەچوونە ژوورە.» |
کاتێک عیسا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان دەستیان کرد بە تەنگ پێ هەڵچنینی و لە زۆر بابەت پرسیاری لێ بکەن، |
چاوەڕێیان دەکرد بە وشەیەکی دەمی خۆی تووشی بکەن. |