دوای ئەمە دیسان عیسا بەم شێوەیە لە دەریاچەی جەلیل خۆی بۆ قوتابییەکان دەرخست: |
شیمۆن پەترۆس و تۆماس کە بە دیدمۆس ناسرابوو، لەگەڵ ناتانئیل کە خەڵکی قانای جەلیل بوو، هەروەها کوڕەکانی زەبدی و دوو قوتابی دیکەی ئەو پێکەوە بوون. |
شیمۆن پەترۆس پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم.» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین.» ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت. |
کاتی بەرەبەیان، عیسا لە کەناری دەریاچەکە ڕاوەستا، بەڵام قوتابییەکان نەیانزانی ئەوە عیسایە. |
عیسا پێی فەرموون: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێ نییە؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر.» |
پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە.» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە. |
ئەو قوتابییەی عیسا خۆشی دەویست بە پەترۆسی گوت: «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە!» کاتێک پەترۆس بیستی «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە،» خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە. |
قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە تەنها دوو سەد باڵ لە وشکانییەوە دوور بوون. |
کاتێک دابەزینە وشکانی، بینییان وا خەڵووز ئامادە کراوە و ماسی خراوەتە سەری و نان دانراوە. |
عیسا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا گرتتان.» |
شیمۆن پەترۆسیش سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕا. |
عیسا پێی فەرموون: «وەرن بخۆن.» هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» زانییان عیسای خاوەن شکۆیە. |
عیسا هات، نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە. |
ئەمە سێیەم جار بوو کە عیسا پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان بۆ قوتابییەکان دەرکەوت. |
دوای ئەوەی نانیان خوارد عیسا بە شیمۆن پەترۆسی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت کە تۆم خۆشدەوێت.» پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە.» |
دیسان پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت خۆشمدەوێیت.» پێی فەرموو: «ببە بە شوانی مەڕەکانم.» |
سێیەم جار پێی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پەترۆس دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «گەورەم، تۆ هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشمدەوێیت.» عیسا پێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە. |
ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت دەبەست و بۆ هەرکوێ دەتویست، دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت.» |
ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ مردنی پەترۆس کە بەهۆیەوە خودا شکۆدار دەکات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «دوام بکەوە!» |
پەترۆس ئاوڕی دایەوە و بینی کە ئەو قوتابییەی کە عیسا خۆشی دەویست دوایان کەوتووە، ئەوەی لە کاتی نانی ئێوارەدا شانی بە سنگی عیساوە نابوو و پێی گوتبوو: «گەورەم، کێیە ئەوەی بە گرتنت دەدات؟» |
کاتێک پەترۆس ئەمەی بینی بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەی ئەمە چی لێدێت؟» |
عیساش پێی فەرموو: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟ تۆ دوام بکەوە.» |
ئیتر ئەم قسەیە لەنێو برایان وا بڵاو بووەوە کە ئەو قوتابییە نامرێت. بەڵام عیسا پێی نەفەرموو کە نامرێت، بەڵکو «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟» |
ئەمەش ئەو قوتابییەیە کە دەربارەی ئەم شتانە شایەتی دەدات و ئەم شتانەی نووسیوە. ئێمەش دەزانین شایەتییەکەی ڕاستە. |
زۆر شتی دیکە هەیە عیسا کردوویەتی، ئەگەر یەک لەدوای یەک بنووسرایەتەوە، وابزانم خودی جیهان جێگای ئەو پەڕتووکە نووسراوانەی تێدا نەدەبووەوە. |