لەدوای ئەوەی عیسا نوێژەکەی تەواو کرد، لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوت بۆ ئەوبەری دۆڵی قدرۆن کە باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی. |
یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا، شوێنەکەی دەزانی، چونکە عیسا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبووەوە. |
ئینجا یەهوزا تیپێک سەرباز و خزمەتکارانی کاهینانی باڵا و فەریسییەکانی برد، بە مەشخەڵ و چرا و چەکەوە هاتە ئەوێ. |
عیساش هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەری دەهات، چوو و پێی فەرموون: «کێتان دەوێت؟» |
وەڵامیان دایەوە: «عیسای ناسیرەیی». عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم». یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا لەگەڵیان ڕاوەستابوو. |
کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی. |
لێی پرسینەوە: «کێتان دەوێت؟» گوتیان: «عیسای ناسیرەیی.» |
عیسا وەڵامی دایەوە: «پێم گوتن من ئەوم. ئەگەر بەدوای مندا دەگەڕێن، با ئەمانە بڕۆن.» |
بەمەش ئەو قسەیەی هێنایە دی کە فەرمووبووی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیانم ون نەکرد.» |
شیمۆن پەترۆس شمشێرێکی پێبوو دەریهێنا، لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئەو کۆیلەیەش ناوی مەلخۆس بوو. |
عیسا بە پەترۆسی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە کێلانەکەی. ئایا ئەو جامەی کە باوک پێیداوم نەیخۆمەوە؟» |
ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و خزمەتکارانی جولەکەکان عیسایان گرت و بەستیانەوە. |
یەکەم جار بردیانە لای حەنا، چونکە خەزووری قەیافا بوو کە ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو. |
قەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی جولەکە کردبوو کە باشتر وایە پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت. |
شیمۆن پەترۆس لەگەڵ قوتابییەکی دیکە شوێن عیسا کەوتن. لەبەر ئەوەی ئەو قوتابییە لەلای سەرۆکی کاهینان ناسراو بوو، لەگەڵ عیسا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان، |
بەڵام پەترۆس ناچار بوو لە دەرەوە لەبەردەرگاکە ڕابوەستێت. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ کارەکەرە دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆسی هێنایە ژوورەوە. |
کارەکەرەکە بە پەترۆسی گوت: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە نیت؟» گوتی: «نەخێر.» |
خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، چونکە سەرما بوو، پەترۆسیش لەگەڵیان وەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە. |
سەرۆکی کاهینان دەربارەی قوتابییەکانی و فێرکردنەکەی پرسیاری لە عیسا کرد. |
عیساش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا بۆ جیهان دوام، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو جولەکەکان لێی کۆدەبنەوە. هیچم بە نهێنی نەگوتووە. |
بۆ پرسیارم لێ دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێبووە چیم پێیان گوتووە. ئەمانە دەزانن چیم گوتووە.» |
کاتێک ئەمەی فەرموو یەکێک لە خزمەتکاران کە لەلایەوە ڕاوەستابوو زللەیەکی لە عیسا دا و گوتی: «ئاوا وەڵامی سەرۆکی کاهینان دەدەیتەوە؟» |
عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە. ئەگەر ڕاستیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟» |
ئینجا حەنا عیسای بە دەستی بەستراوەوە بۆ قەیافای سەرۆکی کاهینان نارد. |
شیمۆن پەترۆسیش هێشتا لەوێ ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە، بۆیە لێیان پرسی: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر.» |
یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینان خزمی ئەوە بوو کە پەترۆس گوێی لێکردەوە، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟» |
دیسان پەترۆس نکۆڵیی کرد. دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. |
بەیانی زوو ڕابەرانی جولەکە عیسایان لەلای قەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوایەتی برد. ئەوان نەچوونە ژوورەوەی کۆشک، نەوەک گڵاو ببن و نەتوانن نانی پەسخە بخۆن. |
پیلاتۆسیش هاتە دەرەوە و گوتی: «چ سکاڵایەکتان لەسەر ئەم پیاوە هەیە؟» |
وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر خراپەکار نەبووایە، نەماندەدا بە دەستتەوە.» |
پیلاتۆسیش پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی شەریعەتی خۆتان حوکمی بدەن.» جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «دروست نییە ئێمە کەس بکوژین.» |
ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەو قسەیەی عیسا بێتە دی کە لەسەر شێوازی مردنەکەی فەرمووبووی. |
لەبەر ئەوە پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکە، بانگی عیسای کرد و پێی گوت: «تۆ پاشای جولەکەی؟» |
عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود خەڵکی دیکە باسی منیان بۆ کردووی؟» |
پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئایا من جولەکەم؟ گەلەکەت و کاهینانی باڵا تۆیان داوەتە دەستی من. چیت کردووە؟» |
عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من سەر بەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من سەر بەم جیهانە بووایە، ئەوسا خزمەتکارەکانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من سەر بە ئێرە نییە.» |
ئینجا پیلاتۆس پێی گوت: «کەواتە تۆ پاشای؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێی کە من پاشام. بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمەش هاتوومەتە جیهان، تاکو شایەتی بۆ ڕاستی بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت.» |
پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستی چییە؟» کە ئەمەی گوت دیسان چووە دەرەوە بۆ لای جولەکەکان و پێی گوتن: «هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم. |
بەڵام نەریتێکتان هەیە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟» |
هاواریان کرد: «ئەمە نا! بەڵکو باراباس!» باراباسیش یەکێک بوو لە یاخیبووان. |