ئەی گەورەکان، لەگەڵ کۆیلەکان بە دادپەروەری و یەکسانی هەڵسوکەوت بکەن، چونکە دەزانن ئێوەش گەورەتان هەیە لە ئاسمان. |
پەیوەست بن بە نوێژکردنەوە، بە سوپاسەوە ئێشکی لێ بگرن. |
بۆ ئێمەش نوێژ بکەن کە خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ پەیامەکە، بۆ ئەوەی نهێنی مەسیح ڕابگەیەنین، هەر لەبەر ئەمەش گیراوم. |
هەروەها نوێژ بکەن بۆ ئەوەی وەک پێویستە بە ڕوونی پەیامەکە ڕابگەیەنم. |
بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە. |
با قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە. |
تیخیکۆس هەموو هەواڵێکی منتان دەداتێ، برایەکی خۆشەویست و خزمەتکارێکی دڵسۆز و هاوکاری ئێمەیە لە خزمەتکردنی مەسیحی باڵادەستدا. |
بە تایبەتی بۆ ئەوە ناردمە لاتان کە هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە. |
ئەو لەگەڵ ئۆنسیمۆسی برای خۆشەویست و دڵسۆز، ئەوەی لە خۆتانە، هەواڵی هەموو شتێکی ئێرەتان دەدەنێ. |
ئەریستارخۆسی هاوڕێی بەندیێتیم سڵاوتان لێدەکات، مەرقۆسی ئامۆزای بەرناباسیش. دەربارەی ئەو ڕاسپاردەتان وەرگرتووە. ئەگەر هاتە لاتان پێشوازیی لێ بکەن. |
هەروەها عیسا کە بە یوستۆس ناودەبردرێت، ئەویش سڵاوی بۆتان هەیە. تەنها ئەمانە لەنێوان هاوکارانم بۆ شانشینی خودا لە جولەکەکانن، ئەوانەی بوونە هاندەرم. |
ئەپەفراسی بەندەی عیسای مەسیح، ئەویش لە خۆتانە و سڵاوتان لێدەکات، هەردەم لە نوێژەکانیدا لە پێناوتاندا تێدەکۆشێت، تاکو لە تەواویدا بچەسپێن و تەواو دڵنیا بن لە هەموو خواستی خودا. |
شایەتیی بۆ دەدەم کە زۆر ماندوو دەبێت بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شارەکانی لاودیکییان و هیراپۆلیسن. |
لۆقای پزیشکی خۆشەویست و دیماس سڵاوتان لێدەکەن. |
سڵاو بکەن لە خوشکان و برایانی لاودیکییا و نیمفاس و ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیەتی. |
کاتێک ئەم نامەیەتان بۆ خوێنرایەوە، وابکەن لە کڵێسای لاودیکییەکانیش بخوێنرێتەوە، ئەوەی هی لاودیکییاشە ئێوە بیخوێننەوە. |
بە ئەرخیپۆس بڵێن: «سەیری ئەو خزمەتە بکە کە لە مەسیحی باڵادەستەوە وەرتگرتووە، تاکو تەواوی بکەیت.» |
من پۆڵسم، سڵاوەکە دەستخەتی خۆمە. یادی کۆتەکانم بکەن. نیعمەت لەگەڵتان بێت. |