پاش پێنج ڕۆژ حەنانیای سەرۆکی کاهینان و هەندێک پیر و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس هاتنە قەیسەرییە و لەلای فەرمانڕەوا سکاڵایان لە پۆڵس کرد. |
کاتێک پۆڵس بانگکرا، تەرتولۆس دەستی بە سکاڵاکە کرد و گوتی: «فیلیکسی پایەبەرز، بەهۆی دووربینیت وا لە ئاشتییەکی زۆرداین و ئەم گەلە چاکسازی بۆ دەکرێت، |
بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بە سوپاسەوە بەمە دەزانین. |
بەڵام تاکو زیاتر ماندووت نەکەم، داواکارم بە نەرمونیانی خۆت، بە کورتی گوێمان لێ بگریت. |
«بینیمان ئەم پیاوە گێرەشێوێنە و لەناو هەموو جولەکەی جیهاندا ئاژاوە دەنێتەوە. پێشەوای ڕێبازی ناسیرەییەکانە و |
هەوڵی دا پەرستگا گڵاو بکات، بەڵام ئێمە گرتمان. ویستمان بەگوێرەی تەوراتی خۆمان حوکمی بدەین. |
بەڵام لیسیاسی فەرماندە هات و بە زەبری هێز لە دەستی سەندین و |
فەرمانی بە سکاڵاکارانی کرد بێنە لات. جا ئەگەر خۆت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەیت، ڕاستی سکاڵاکانی ئێمەت بۆ دەردەکەوێت.» |
جولەکەکانی دیکە پشتگیری خۆیان نیشان دا و پێداگرییان لەسەر ڕاستیی قسەکانی کردەوە. |
کاتێک فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ پۆڵس کرد قسە بکات، ئەویش وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم. |
دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم. |
نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ کەسێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە. |
ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن. |
بەڵام من دان بەوەدا دەنێم کە بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی کە ئەوان پێی دەڵێن ڕێبازی چەوت، خودای باوباپیرانم دەپەرستم. باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە، |
هەروەها هەمان ئەو هیوایەم بە خودا هەیە کە ئەو پیاوانە هەیانە، کە هەستانەوە بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش دەبێت. |
لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت. |
«لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە تاکو پیتاک بۆ گەلەکەم بهێنم و قوربانی بکەم. |
منیان لە حەوشەکانی پەرستگادا لە کاتی خۆپاککردنەوەدا بینی، بەڵام نە لەناو خەڵک و نە لەناو ئاژاوە. |
بەڵام هەندێک لەو جولەکانەی ئاسیا، ئەگەر شتێکیان لە دژی من هەبووایە، دەهاتنە لات و سکاڵایان لەسەرم دەکرد. |
یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێکیان دۆزییەوە، کاتێک لەبەردەم ئەنجومەنی باڵادا ڕاوەستام، |
جگە لەم ڕاگەیاندنە کاتێک لەنێویان ڕاوەستابووم هاوارم کرد:”سەبارەت بە هەستانەوەی مردووانە ئەمڕۆ ئێوە حوکمم دەدەن!“» |
فیلیکس کە زانیارییەکی باشی دەربارەی ڕێگاکە هەبوو، دادگاییەکەی دواخست و گوتی: «کە لیسیاسی فەرماندە هات، ئەوا بڕیار لە بابەتەکانی ئێوە دەدەم.» |
ئینجا فەرمانی بە سەرپەلەکە دا کە چاودێری پۆڵس بکرێت، بەڵام هەندێک سەربەستی هەبێت، کەسیش ڕێگا لە هاوڕێیەکانی نەگرێت بۆ خزمەتکردنی. |
پاش چەند ڕۆژێک فیلیکس و دروسیلای ژنی هاتن، کە جولەکە بوو، پۆڵسی بانگکرد و لەبارەی باوەڕ بە عیسای مەسیح گوێی لێ گرت. |
کاتێک پۆڵس لەبارەی ڕاستودروستی و بەسەرخۆدا زاڵبوون و حوکمدانی داهاتوو دەدوا، فیلیکس ترسا و گوتی: «ئێستا بڕۆ. کەی کاتم هەبوو بانگت دەکەمەوە.» |
بە هیوا بوو پۆڵس بەرتیلی بداتێ، بۆیە بەردەوام بانگی دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد. |
دوو ساڵ تێپەڕی و پورکیۆس فێستۆس شوێنی فیلیکسی گرتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە دەیویست ڕەزامەندی جولەکە بەدەستبهێنێت، پۆڵسی لە بەندیخانە هێشتەوە. |