پۆڵس ڕوانییە ئەنجومەنی باڵا و گوتی: «برایان، هەتا ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاکەوە بۆ خودا ژیاوم.» |
لەو کاتەدا حەنانیای سەرۆکی کاهینان فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بکێشن بە دەمیدا. |
پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟» |
ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆکی کاهینانی خودا دەدەیت؟» |
پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆکی کاهینانە، چونکە نووسراوە: [بە خراپە باسی سەرکردەی گەلەکەت مەکە.]» |
پۆڵس کە دەیزانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە سەدوقین و بەشێکی دیکەش فەریسی، هاواری کرد و گوتی: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.» |
کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش، |
چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن. |
ئینجا هاوار بەرزبووەوە و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون، هەستان و بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی و گوتیان: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. ئەی ئەگەر ڕۆحێک یان فریشتەیەک لەگەڵیدا دوابێت؟» |
کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، بۆیە فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە. |
بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.» |
کاتێک ڕۆژ هەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. |
ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل پیاو زیاتر بوون. |
چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران و گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. |
ئێستاش ئێوە و ئەنجومەنی باڵا بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، وەک ئەوەی بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە، پێویستە بیهێنێت بۆ لاتان. ئێمەش ئامادەین بۆ کوشتنی، پێش ئەوەی بگاتە لای ئەنجومەن.» |
بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس. |
جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد و گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.» |
ئەویش بردییە لای فەرماندەکە. گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.» |
فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە و لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟» |
گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە ئەنجومەنی باڵا، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە. |
بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.» |
فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.» |
ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی شەو بچنە قەیسەرییە. |
هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.» |
نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو: |
لە کلودیۆس لیسیاس، بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا، سڵاو. |
ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستبووم کە هاوڵاتی ڕۆمانییە. |
دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە ئەنجومەنەکەیان. |
بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت. |
کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن. |
بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان هێنا. |
بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە. |
سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی. |
خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە، |
گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت. |