دوای نەمانی ئاژاوەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگکرد و ورەی بەرزکردنەوە، ماڵئاوایی لێکردن و بەرەو مەکدۆنیا بەڕێکەوت. |
کاتێک بەو ناوچانەدا تێپەڕی، بە زۆر وشە ورەی باوەڕدارانی بەرز کردەوە. لە کۆتاییدا گەیشتە یۆنان |
و سێ مانگی لەوێ بەسەربرد. کاتێک بەتەمابوو بە دەریادا بچێتە سوریا، جولەکە پیلانیان بۆی گێڕا، بۆیە بڕیاری دا بە مەکدۆنیادا بگەڕێتەوە. |
ئەم کەسانەی لەگەڵ بوو: لە بیریە سوپاترۆسی کوڕی پیڕۆس، لە سالۆنیکییان ئەریستارخۆس و سەکوندۆس، گایۆس لە دەربە و تیمۆساوس، لە ئاسیاش تیخیکۆس و تروفیمۆس. |
ئەمانە پێشمان کەوتن و لە ترۆئاس چاوەڕێیان دەکردین. |
بەڵام ئێمە دوای جەژنی فەتیرە، سواری کەشتی بووین و فیلیپیمان بەجێهێشت، پاش گەشتی پێنج ڕۆژ گەیشتینە بەندەری ترۆئاس، لەوێ بەوانەی دیکە شاد بووینەوە و حەوت ڕۆژ لەوێ ماینەوە. |
لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا بۆ نانلەتکردن کۆبووینەوە. پۆڵس گفتوگۆی لەگەڵ خەڵک دەکرد، چونکە بەتەمابوو ڕۆژی دواتر بڕوات، بۆیە هەتا نیوە شەو قسەی بۆ کردن. |
ئەو ژوورەی سەرەوە کە لێی کۆببووینەوە چرای زۆری لێبوو. |
گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لەناو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوەکوتکێیەکی قورس دەیبردەوە، پۆڵس وتارێکی درێژی دەدا، جا خەوی لێ کەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی هەڵگیرایەوە. |
پۆڵس هاتە خوارەوە خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت و گوتی: «مەشێوێن، ژیانی تێدایە!» |
دوایی پۆڵس چووە سەرەوە، نانی لەتکرد و خواردی، هەتا بەرەبەیان قسەی کرد، پاشان لەوێ ڕۆیشت. |
گەنجەکەشیان بە زیندووێتی برد و زۆر دڵنەوایی کران. |
پۆڵس بە ڕێگای وشکانی چوو بۆ ئەسۆس، ئێمەش بە سواری کەشتی بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتین، چونکە بڕیاری دابوو کە لەوێ چاومان پێی بکەوێت. |
کاتێک لە ئەسۆس تووشمان بوو، هەڵمانگرت و هاتینە میتیلینی. |
لەوێش بە دەریادا ڕۆیشتین و بۆ بەیانی گەیشتینە بەرامبەر خیۆس، بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە سامۆس، ڕۆژی دوای ئەوەش هاتینە میلیتۆس. |
جا پۆڵس بڕیاری دابوو کە ئەفەسۆس بەجێبهێڵێت نەوەک ماوەیەک لە ئاسیادا بمێنێتەوە، چونکە پەلەی دەکرد، بەڵکو بتوانێت لە ڕۆژی پەنجایەمین بگاتە ئۆرشەلیم. |
پۆڵس لە میلیتۆسەوە ناردی بۆ ئەفەسۆس، بانگی پیرانی کڵێسای کرد. |
کاتێک هاتنە لای، پێی گوتن: «ئێوە دەزانن لە یەکەم ڕۆژەوە کە پێم خستە ناو ئاسیا، بە درێژایی ئەو کاتەی کە لەگەڵتان بووم، چۆن ژیام. |
لە کاتێکدا کە بە پیلانی جولەکە بەرهەڵستکارەکان تووشی تاقیکردنەوەی سەخت بووم، بەوپەڕی بێفیزی و فرمێسکەوە خزمەتی عیسای خاوەن شکۆم دەکرد. |
هیچم لەو شتانە دوانەخستووە کە سوودبەخشن و بۆم ڕاگەیاندوون، بە ئاشکرا و ماڵەوماڵ فێرم کردوون. |
شایەتی ئەوەم داوە لای جولەکە و یۆنانییەکان کە دەبێت تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆمان بهێنن. |
«ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت. |
تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات. |
بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنیی نیعمەتی خودا. |
«ئێستا دەزانم هیچکام لە ئێوە ئیتر ڕووم نابیننەوە کە بە ناوتاندا دەگەڕام و پاشایەتی خودام ڕادەگەیاند. |
هەر بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم، کە لە خوێنی هەمووان بێتاوانم، |
چونکە لە ڕاگەیاندنی تەواوی خواستی خودا بۆتان دوانەکەوتم. |
ئاگاتان لە خۆتان و لە هەموو مێگەلەکە بێت، کە ڕۆحی پیرۆز ئێوەی کردووە بە چاودێر بەسەریانەوە. شوانایەتی کڵێسای خودا بکەن، کە بە خوێنی خۆی کڕیویەتی. |
دەزانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنەر دێنە ناوتان، بەزەییان بە مێگەلەکە نایەتەوە. |
هەروەها لەنێو خۆتاندا خەڵکانێک پەیدا دەبن کە ڕاستیی دەشێوێنن، تاکو قوتابییەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. |
بۆیە ئێشک بگرن، لە بیرتان بێت بۆ ماوەی سێ ساڵ شەو و ڕۆژ بە فرمێسکەوە نەوەستاوم لە ئاگادارکردنەوەی هەر یەکێکتان. |
«ئێستاش بە خودا و وشەی نیعمەتەکەیتان دەسپێرم، کە توانای هەیە بنیادتان بنێت و لەگەڵ هەموو ئەوانەی پیرۆزکراون میراتتان پێ ببەخشێت. |
چاوم لە زێڕ و زیو و جلی کەس نەبوو. |
خۆتان دەزانن پێویستی خۆم و یاوەرانم، ئەم دەستانە دابینیان کردووە. |
هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە چۆن ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی:”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“» |
کاتێک پۆڵس قسەکانی تەواو کرد، لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نوێژی کرد. |
هەمووان زۆر گریان، باوەشیان کردبوو بە پۆڵسدا و ماچیان دەکرد، |
بەو قسەی کردی خەمبار بوون کە گوتی جارێکی دیکە ڕووی نابیننەوە. ئینجا تاکو لای کەشتییەکە لەگەڵی ڕۆیشتن. |