پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو. |
پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، |
ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.» |
هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو. |
بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک. |
کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون، |
یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.» |
بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند. |
ئەوانیش دەستەبەرنامەیان بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن. |
کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە. |
خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، چونکە بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت و بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیی قسەکانی پۆڵس، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە. |
ئیتر زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها ژمارەیەک لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و ژمارەیەکی زۆریش لە پیاوانی یۆنانی. |
بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن. |
دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە. |
ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای. |
کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. |
بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو. |
کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئەپیکوری و ستۆیکی گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکەشیان دەیانگوت: «دیارە بانگەواز بۆ چەند خوداوەندێکی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد. |
ئینجا بردیانە ئاریۆپاگۆس و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ |
چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.» |
لەبەر ئەوەی هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان. |
پۆڵس لەناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. |
کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو:”بۆ خودای نەناسراو.“ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن. |
«ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. |
بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. |
هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە، |
تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. |
”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان:”ئێمەش نەوەی ئەوین.“ |
«لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە وا بیرنەکەینەوە کە خودا وەکو پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. |
لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، |
چونکە ڕۆژێکی دیاری کردووە کە تێیدا لە ڕێگەی ئەو پیاوەی کە دەستنیشانی کردووە، بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات. بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.» |
کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.» |
ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت، |
بەڵام هەندێک کەس لایەنگری پۆڵسیان کرد و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیونیسیۆسی ئەندامی ئاریۆپاگۆس، هەروەها ژنێک بە ناوی داماریس و چەند کەسێکی دیکەش لەگەڵیان. |