لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت، |
بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس: با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت. |
سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم. |
کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی. |
باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە یەکەم جار لە ناخی لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکتدا نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە. |
لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت، |
چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین. |
بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت. |
خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە، (aiōnios g166) |
ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە. |
بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام. |
لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم بکات هەتا ئەو ڕۆژە. |
بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە. |
سپاردە چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە. |
ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس. |
با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە، |
بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە. |
با لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم. |