پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە. وەک برا لەگەڵ گەنجان هەڵسوکەوت بکە، |
وەک دایک لەگەڵ پیرێژن، لەگەڵ کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی. |
ڕێز لەو بێوەژنانە بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن. |
بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا. |
بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە. |
بەڵام ئەوەی بە چێژی دنیایی دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. |
جا ئەمانەیان پێ ڕابسپێرە تاکو بێ گلەیی بن. |
بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ. |
ئەگەر بێوەژنێک تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت، لە لیست بنووسرێت. |
هەروەها دەبێت بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت. |
بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک ئارەزووەکانیان زاڵ دەبێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن. |
ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە. |
هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی هەندێک شت دەکەن کە پێویست نییە. |
بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت و ماڵ بەڕێوە ببەن و دەرفەت نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان، |
چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون. |
ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن. |
ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن، |
چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،] هەروەها: [کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی.] |
سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت. |
ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتیان بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن. |
لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە و هیچ شتێک بە دەمارگیرییەوە مەکە. |
بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ و بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە. |
ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت، هەندێک شەراب بخۆوە. |
هەندێک کەس گوناهەکانیان ئاشکرایە و پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێکی دیکە دوایان دەکەوێت. |
بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە. |