ئەم قسەیە ڕاستە: ئەگەر یەکێک چاوی لە چاودێری بێت، حەزی لە چاکەکارییە. |
چاودێر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، وریا و ژیر و بەڕێز و میوان دۆست بێت، بتوانێت خەڵک فێربکات، |
سەرخۆش و توندوتیژ نەبێت، بەڵکو دڵنەرم بێت، شەڕفرۆش نەبێت، حەزی لە پارە نەبێت. |
خێزانەکەی باش بەڕێوە ببات، منداڵەکانی بەوپەڕی ڕێزەوە ملکەچ بن. |
ئەگەر کەسێک نەزانێت خێزانەکەی بەڕێوە ببات، چۆن چاودێری کڵێسای خودا دەکات؟ |
تازە نەبێت لە باوەڕ، نەوەک لووتبەرز بێت و هەمان سزای شەیتانی بەسەردا بدرێت. |
دەبێت ناوبانگی باش بێت لەلای ئەوانەی لە دەرەوەن، نەوەک قسەی بێتە سەر و بکەوێتە بەر داوی شەیتان. |
خزمەتکارانیش دەبێت بەڕێز بن، دوو زمان نەبن، شەراب زۆر نەخۆنەوە، چاویان لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، |
بە ویژدانێکی پاک دەست بە ڕاستییە قووڵەکانی باوەڕەکەوە بگرن. |
با یەکەم جار تاقی بکرێنەوە، کە بێ گلەیی بوون، با وەک خزمەتکار خزمەت بکەن. |
ژنەکانیش دەبێت بەڕێز بن، بوختانکەر نەبن، وریا بن، لە هەموو شتێکدا دڵسۆز بن. |
با خزمەتکار مێردی یەک ژن بێت و ماڵ و منداڵی باش بەڕێوە ببات. |
ئەوانەی باش خزمەتیان کردووە، پلەیەکی باش و متمانەیەکی زۆر لە باوەڕیان بە عیسای مەسیح بەدەستدەهێنن. |
هەرچەندە هیوادارم زوو بێمە لات، بەڵام ئەمانەت بۆ دەنووسم، |
تاکو ئەگەر من لە هاتنم دواکەوتم، تۆ بزانی خەڵک چۆن لە ماڵی خودا ڕەفتار بکەن، کە کڵێسای خودای زیندووە و کۆڵەکە و بناغەی ڕاستییە. |
بێگومان نهێنی لەخواترسی گەورەیە، کە ئەمەیە: «ئەو لە جەستەدا دەرکەوت، لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە پاکانەی بۆ کرا، لەلایەن فریشتەکانەوە بینرا، لەنێو نەتەوەکان جاڕی بۆ درا، لە جیهاندا باوەڕی پێ هێنرا و لە شکۆمەندیدا بەرزکرایەوە.» |