لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داوێنپیسی لەنێو ئێوەدا هەیە، جۆرە داوێنپیسییەک کە لەنێو بتپەرستەکانیشدا نییە: پیاو لەگەڵ باوەژنی دەژیێت! |
ئێوەش لووتبەرزن! باشتر نەبوو ماتەمدار بن و ئەو کەسەش کە ئەم کارەی کردووە لە خۆتانی دووربخەنەوە؟ |
هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح ئامادەم. وا ئەو کەسەم حوکم داوە کە ئەمەی کردووە، وەک ئەوەی لەوێ ئامادەبووبم: |
بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێوە و ڕۆحی من لەگەڵ هێزی مەسیح کۆدەبنەوە، |
ئەم کەسە دەبێت بدرێتە دەست شەیتان تاکو سروشتی دنیایی بفەوتێنێت، بۆ ئەوەی ڕۆحەکەی لە ڕۆژی یەزداندا ڕزگاری بێت. |
شانازیکردنتان باش نییە. ئایا نازانن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت؟ |
خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە، تاکو ببنە هەویرێکی نوێ، چونکە ئێوە بەڕاستی فەتیرەن. لەبەر ئەوەی مەسیحی بەرخی پەسخەمان سەربڕدرا. |
کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە، بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی. |
من پێشتر لە نامەکەی دیکەم بۆم نووسین تێکەڵ بە داوێنپیسان مەبن، |
مەبەستم لە داوێنپیس و چاوچنۆک و تاڵانکەر و بتپەرستانی ئەم جیهانە نییە، ئەگینا ناچار دەبوون لەم جیهانە بچنە دەرەوە. |
بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە. نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن. |
بە من چی ئەو بێباوەڕانەی دەرەوەی کڵێسا حوکم بدەم؟ ئایا ئێوە ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا حوکم نادەن؟ |
ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا خودا حوکمیان دەدات. [خراپەکار لەنێو خۆتان دووربخەنەوە.] |