بەدوای خۆشەویستی بکەون، تامەزرۆی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز بن، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا. |
ئەوەی بە زمانی ڕۆحی دەدوێت، قسە بۆ خەڵک ناکات، بەڵکو بۆ خودا، کەس لێی تێناگات، چونکە بە ڕۆحی پیرۆز باسی نهێنی دەکات. |
بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوە بۆ بنیادنان و هاندان و دڵنەوایی خەڵک دەدوێت. |
ئەوەی بە زمان دەدوێت، خۆی بنیاد دەنێت، بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوا کڵێسا بنیاد دەنێت. |
حەز دەکەم هەمووتان بە زمانەکان بدوێن، بەڵام باشترە پەیامی خودا ڕابگەیەنن. ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت گەورەترە لەوەی بە زمانەکان دەدوێت، مەگەر لێکی بداتەوە، تاکو کڵێسا بنیادنانی دەستبکەوێت. |
ئێستا ئەی خوشک و برایانم، ئەگەر هاتمە لاتان و بە زمانەکان دوام، چ سوودێکم بۆتان دەبێت، مەگەر بە ئاشکراکراوێک یان بە زانیارییەک یان بە پەیامێک لە خوداوە یان بە فێرکردنێک بۆتان بدوێم؟ |
تەنانەت ئەو شتە بێ ڕۆحانەی دەنگ دەردەکەن، شمشاڵ یان قیسارە، ئەگەر ئاوازی جیاواز نەدات، چۆن بزانرێت ئەوەی دەژەنرێت شمشاڵە یان قیسارەیە؟ |
ئەگەر کەڕەنا دەنگێکی ڕوون نەدات، کێ بۆ شەڕ خۆی ئامادە دەکات؟ |
ئێوەش ئاوا، ئەگەر بە زمان قسەیەکی ڕوون نەکەن، ئەوەی گوتراوە چۆن دەزانرێ؟ چونکە هەر لە هەوادا دەدوێن. |
بێگومان لە جیهاندا چەندین جۆر زمان هەیە و هیچیان بێ واتا نین. |
بۆیە ئەگەر لەو زمانە تێنەگەم کە قسەی پێ دەکرێت، بۆ قسەکەر دەبمە بەربەری، قسەکەریش بەربەرییە بۆ من، |
ئێوەش بە هەمان شێوەن. لەبەر ئەوەی بە پەرۆشن بۆ بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز، کەواتە هەوڵ بدەن لەو بەهرانە زیاد بکەن کە لە پێناوی بنیادنانی کڵێسایە. |
لەبەر ئەم هۆیە ئەوەی بە زمان دەدوێت، با نوێژ بکات تاکو لێکی بداتەوە، |
چونکە ئەگەر بە زمانێک نوێژ بکەم، ڕۆحم نوێژ دەکات، بەڵام مێشکم بێ بەروبوومە. |
کەواتە چی بکەم؟ بە ڕۆح نوێژ دەکەم، هەروەها بە مێشکیشم نوێژ دەکەم. بە ڕۆح گۆرانی دەڵێم، هەروەها بە مێشکیشم گۆرانی دەڵێم. |
ئەگینا، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز ستایشی خودا بکەیت، چۆن کەسێکی ناشارەزا بە سوپاسکردنەکەت بڵێت «ئامین»، کە نازانێت تۆ چی دەڵێی؟ |
سوپاسکردنەکەت باشە، بەڵام نابێتە مایەی بنیادنانی کەسێکی دیکە. |
سوپاسی خودا دەکەم کە لە هەمووتان زیاتر بە زمانەکان دەدوێم، |
بەڵام لە کڵێسادا، ئەو پێنج وشە ڕوونەی کە دەبێتە هۆی فێرکردنی خەڵکی، باشترە لە دە هەزار وشەی بە زمانێک. |
خوشکان، برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن. لە خراپەدا وەک منداڵ بێبەری بن، بەڵام لە بیرکردنەوەدا پێگەیشتوو بن. |
لە تەوراتدا نووسراوە: «یەزدان دەفەرموێ، «[بە زمانی بێگانەکان و بە لێوی نامۆکان قسە بۆ ئەم گەلە دەکەم، لەگەڵ ئەوەش گوێم لێ ناگرن.]» |
کەواتە زمانەکان نیشانەن، نەک بۆ باوەڕداران، بەڵکو بۆ بێباوەڕان، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ باوەڕدارانە. |
بۆیە ئەگەر کڵێسا هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوە و هەموو بە زمانەکان بدوێن، هەر کەسێکی ناشارەزا یان بێباوەڕێک بێتە ژوورەوە، ئایا ناڵێت کە ئێوە وڕێنە دەکەن؟ |
بەڵام ئەگەر هەموو پەیامی خودا ڕابگەیەنن و یەکێکی بێباوەڕ یاخود کەسێکی ناشارەزا بێتە ژوورەوە، لەبەردەم هەمووان ویژدانی تاوانباری دەکات، لەلایەن هەمووانەوە حوکم دەدرێت، |
نهێنییەکانی دڵی ئاشکرا دەبێت، کڕنۆش دەبات و خودا دەپەرستێت، ڕایدەگەیەنێت: «بەڕاستی خودا لەنێوتاندایە!» |
ئەی خوشک و برایان، ئیتر چی بڵێین؟ کاتێک کۆدەبنەوە هەر یەکێک لە ئێوە زەبوورێک، فێرکردنێک ئاشکراکردنێک، زمانێک یان لێکدانەوەیەکی هەیە. با هەموو شتێک بۆ بنیادنان بێت. |
ئەگەر کەسانێک بە زمانێک بدوێن، با دوو یان ئەوپەڕی سێ کەس بن و لەدوای یەک بدوێن، کەسێکیش لێکی بداتەوە. |
بەڵام ئەگەر لێکدەرەوە نەبوو، با لە کڵێسا بێدەنگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت. |
با دوو یان سێ پێغەمبەر بدوێن، ئەوانی دیکەش وتەکانیان هەڵبسەنگێنن. |
بەڵام ئەگەر ئاشکراکردنێک بۆ یەکێک لە دانیشتووان هات، با یەکەمیان بێدەنگ بێت، |
چونکە هەمووتان دەتوانن یەک بە یەک پەیامی خودا ڕابگەیەنن، تاکو هەموو فێربن و هانبدرێن. |
ڕۆحی پێغەمبەران بۆ پێغەمبەران ملکەچە، |
چونکە خودا خودای شێواندن نییە، بەڵکو خودای ئاشتییە. هەروەک لە هەموو کڵێساکانی گەلی پیرۆزی خودا، |
با ژنان لە کڵێساکاندا بێدەنگ بن، چونکە ڕێیان پێنەدراوە بدوێن، بەڵکو وەک تەوراتیش دەفەرموێ با ملکەچ بن. |
بەڵام ئەگەر ویستیان شتێک فێربن، لە ماڵەوە لە مێردەکانیان بپرسن، چونکە شورەییە بۆ ژن لە کڵێسادا بدوێت. |
ئایا پەیامی خودا لە ئێوەوە سەرچاوەی گرتووە، یان تەنها بۆ ئێوە هاتووە؟ |
ئەگەر یەکێک خۆی بە پێغەمبەر یان کەسێکی ڕۆحانی بزانێت، با باش بزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم ڕاسپاردەی مەسیحی باڵادەستە. |
بەڵام ئەگەر یەکێک پشتگوێی خست، با هەر پشتگوێ بخرێت. |
کەواتە خوشک و برایانم، تامەزرۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بن و ڕێگری مەکەن لە دوان بە زمانەکان. |
بەڵام با هەموو شتێک بە دروستی و ڕێکوپێکی بێت. |