هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن. |
جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.» |
عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە: |
«کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟ |
کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و |
دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت:”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“ |
پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە. |
«یان چ ئافرەتێک دە درهەمی هەبێت و یەک درهەمی ون بکات، چرا هەڵناکات و ماڵەکە گسک نادات و بە وردی ناگەڕێت، هەتا دەیدۆزێتەوە؟ |
کە دۆزییەوە، هاوڕێ و دراوسێکانی بانگ دەکات و دەڵێت:”لەگەڵم دڵشاد بن، ئەو درهەمەی ونم کردبوو، دۆزیمەوە.“ |
پێتان دەڵێم: بە هەمان شێوە، فریشتەکانی خودا دڵشاد دەبن کاتێک گوناهبارێک تۆبە دەکات.» |
ئینجا فەرمووی: «کابرایەک دوو کوڕی هەبوو. |
بچووکەکەیان بە باوکی گوت:”باوکە، چیم بەردەکەوێ لە بەشە میراتی خۆم، بمدەرێ.“ئەویش ماڵەکەی بۆ دابەشکردن. |
«دوای چەند ڕۆژێک، کوڕە بچووکەکە هەموو شتەکانی کۆکردەوە و بەرەو وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، لەوێ ماڵەکەی لەسەر ڕابواردن دانا. |
لەدوای ئەوەی هەمووی خەرجکرد، قاتوقڕی گەورە کەوتە ناوچەکە، لەبەر ئەوە تووشی نەبوونی هات. |
ئیتر هانای بۆ هاوڵاتییەکی ناوچەکە برد، ئەویش ناردییە کێڵگەکانی بۆ لەوەڕاندنی بەراز. |
حەزی دەکرد بەو خڕنووکە سکی خۆی تێر بکات کە بەرازەکان دەیانخوارد بەڵام کەس هیچی پێنەدەدا. |
«ئینجا بە هۆش خۆی هاتەوە و گوتی:”ئاخۆ چەند کرێکاری باوکم نانیان لەبەر دەمێنێتەوە، منیش لێرە وا لە برسان دەمرم. |
هەڵدەستم دەچمەوە لای باوکم، پێی دەڵێم: باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد. |
ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم، بمکە بە کرێکارێکی خۆت.“ |
جا هەستا و گەڕایەوە لای باوکی. «هێشتا دوور بوو باوکی ئەوی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایکرد و باوەشی پێداکرد و ماچی کرد. |
«کوڕەش پێی گوت:”باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد، ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم.“ |
«بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت:”خێرا باشترین جلوبەرگ بهێنن و لەبەری بکەن، ئەنگوستیلەیەک بکەنە پەنجەی و پێڵاویش بۆ پێی. |
گوێرەکە قەڵەوەکەش بهێنن و سەری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین، |
چونکە ئەم کوڕەم مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“جا دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد. |
«کوڕە گەورەکە لە کێڵگە بوو، کە هاتەوە و لە ماڵ نزیک بووەوە، گوێی لە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بوو. |
یەکێک لە خزمەتکارانی بانگکرد و پرسیاری کرد،”ئەمە چییە؟“ |
پێی گوت:”براکەت گەڕاوەتەوە، باوکیشت گوێرەکە قەڵەوەکەی سەربڕی، چونکە بە ساغ و سەلامەتی گەڕاوەتەوە.“ |
«کوڕە گەورەکە تووڕە بوو و نەیویست بچێتە ژوورەوە. ئیتر باوکی هاتە دەرەوە و تکای لێکرد. |
بەڵام ئەو وەڵامی باوکی دایەوە:”ئەوەتا ئەو هەموو ساڵە کۆیلایەتیت بۆ دەکەم و هەرگیز لە فەرمانت دەرنەچووم، تەنانەت کاریلەیەکت نەدامێ تاکو لەگەڵ هاوڕێیەکانم پێی دڵخۆش بم. |
بەڵام کاتێک ئەم کوڕەت هاتەوە، ئەوەی ماڵەکەتی لەگەڵ لەشفرۆشان لووش دا، گوێرەکە قەڵەوەکەت بۆی سەربڕی.“ |
«ئەویش پێی گوت:”کوڕم، تۆ هەمیشە لەگەڵ منی، هەرچیم هەیە هی تۆیە. |
بەڵام پێویستە دڵخۆش و شاد بین، چونکە ئەم برایەت مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“» |