بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە. |
ئەوەی لەبەردەم چەندین شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن بۆ ئەوەی خەڵکی دیکەش فێربکەن. |
وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح، لەگەڵمان بەشداری لە ئازار بکە. |
هیچ سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات. |
ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت. |
جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم کەس بێت بەشی خۆی لە بەرهەمەکە ببات. |
بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ یارمەتیت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت. |
یادی عیسای مەسیح بکە، کە لەنێو مردووان هەستایەوە و لە نەوەی داود بوو. ئەمە پەیامی ئینجیلەکەمە، |
کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم و وەک تاوانبارێک کۆت و زنجیر کراوم، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. |
بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی. (aiōnios g166) |
ئەم قسەیە ڕاستە: «ئەگەر لەگەڵیدا مردبین، لەگەڵیشی دەژین، |
ئەگەر دانبەخۆدا بگرین، لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین. ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین، ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات. |
ئەگەر دڵسۆز نەبین، ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە، چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.» |
ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. |
کۆشش بکە وەک کارگەرێکی بێ شەرمەزاری خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، بە ڕێگای ڕاست وشەی ڕاستی لێک بدەیتەوە. |
خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات. |
وشەکانیان وەک لاڕەشەیە تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس، |
کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە. |
بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: [یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،] هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.» |
بەڵام لە ماڵێکی گەورەدا تەنها قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو تەختە و قوڕیشی لێیە کە هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن و هەندێکی دیکەشیان بۆ کاروباری ئاسایین. |
بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە جامێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک. |
لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە. |
لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. |
بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانەدا دان بەخۆیدا بگرێت. |
ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ |
و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ ئەنجامدانی خواستی خۆی بەندی کردن. |