ئەی کوڕینە، گوێ لە تەمبێکردنی باوک بگرن، سەرنج بدەن بۆ زانینی تێگەیشتن. |
من شتی چاکتان فێر دەکەم، بۆیە فێرکردنەکانی من پشتگوێ مەخەن. |
کاتێک کوڕی باوکم بووم، ناسک و تاقانە لەلای دایکم، |
فێری دەکردم و پێی دەگوتم: «با دڵت لەسەر قسەی من بێت، ئەگەر فەرمانەکانم بپارێزیت، دەژیت. |
دانایی بەدەستبهێنە، تێگەیشتن بەدەستبهێنە، قسەکانی دەمم لەبیر مەکە و لێیان لامەدە. |
واز لە دانایی مەهێنە، دەتپارێزێت، خۆشتبوێت، چاودێریت دەکات. |
ئەمە دەستپێکی داناییە: دانایی بەدەستبهێنە، بە هەموو دەستکەوتەکانت، تێگەیشتن بەدەستبهێنە. |
ڕێزی بگرە، بەرزت دەکاتەوە، لە ئامێزی بگرە، شکۆدارت دەکات. |
تاجەگوڵینەی نیعمەت دەخاتە سەرت، تاجی شکۆمەندیت پێ دەبەخشێت.» |
ڕۆڵە، گوێ بگرە و قسەکانم وەربگرە، جا تەمەنت درێژ دەبێت. |
ڕێگای داناییم پیشاندایت، بۆ ڕێڕەوە ڕاستەکان ڕێنماییم کردیت. |
لە ڕۆیشتندا هەنگاوت کورت نابێت، لە ڕاکردنیشدا پێت هەڵناکەوێت. |
دەست بە تەمبێکردنەوە بگرە و دەست شل مەکە، بیپارێزە، چونکە ژیانتە. |
مەچووە سەر ڕێگەی بەدکاران، بە ڕێگای خراپەکاراندا مەڕۆ. |
خۆتی لێ لابدە و پێیدا مەڕۆ، لێی دووربکەوە و تێپەڕە، |
چونکە خەویان لێ ناکەوێت ئەگەر خراپە نەکەن، خەویان دەزڕێت ئەگەر یەکێک نەخەن. |
نانی خراپە دەخۆن و شەرابی ستەمکاری دەخۆنەوە. |
ڕێچکەی ڕاستودروستان وەک ڕووناکی بەرەبەیانە، ڕووناکتر و ڕووناکتر دەبێت هەتا دەبێتە ڕۆژی تەواو. |
بەڵام ڕێگای بەدکاران وەک تاریکستانە، نازانن پێیان لە چی هەڵدەکەوێت. |
ڕۆڵە، سەرنج بدە وشەکانم، گوێ بۆ قسەکانم شل بکە. |
لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، لە ناخی دڵت بیانپارێزە، |
چونکە ژیانن بۆ ئەو کەسەی دەیاندۆزێتەوە، دەرمانە بۆ هەموو لەشی. |
لە سەرووی هەموو چاودێرییەکەوە دڵت بپارێزە، چونکە دڵ سەرچاوەی ژیانە. |
خواری لە دەمت داماڵە و چەوتی لە لێوانت دووربخەوە. |
با چاوەکانت تەماشای پێشت بکەن و پێڵووەکانت ڕێک بۆ بەردەمت بێت. |
ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە، هەموو ڕێگاکانت دەچەسپێن. |
بەلای ڕاست یان چەپدا لامەدە، پێت لە خراپە دووربخەوە. |