ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت، فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت، |
هەتا گوێ بدەیتە دانایی و دڵت بدەیتە تێگەیشتن، |
ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت، |
ئەگەر وەک زیو داوات کرد و وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت، |
ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و ناسینی خودا دەدۆزیتەوە، |
چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت، زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە. |
دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر، |
بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی. |
ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت، هەموو ڕێڕەوێکی چاک، |
لەبەر ئەوەی دانایی دێتە ناو دڵتەوە و زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت، |
سەلیقە دەتپارێزێت و تێگەیشتن چاودێریت دەکات. |
دانایی لە ڕێگای خراپەکاران ڕزگارت دەکات، لەو کەسانەی قسەی خوار دەکەن، |
ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن، |
ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن، دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە، |
ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن، گەوجن لە ڕێڕەویان. |
هەروەها دانایی لە ژنی بەدڕەوشت ڕزگارت دەکات، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس، |
ئەوەی وازی لە مێردی گەنجییەتی هێناوە و پەیمانەکەی لەبەردەم خودای لەبیر کردووە. |
بێگومان ماڵەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ مردن و ڕێڕەوەکانی بەرەو دنیای مردووانە. |
هەموو ئەوانەی بچنە لای ناگەڕێنەوە و ناگەنە ڕێچکەی ژیان. |
کەواتە بە ڕێگای پیاوچاکاندا بڕۆ و ڕێچکەی ڕاستودروستان بپارێزە، |
چونکە سەرڕاستان لە خاکەکە نیشتەجێ دەبن و تەواوەکان تێیدا دەمێننەوە، |
بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە دەبڕێنەوە و ناپاکانیش تێیدا ڕیشەکێش دەکرێن. |