لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە، لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد. |
هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەممەدا دروست نییە دەیکەن؟» |
عیسا وەڵامی دایەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ |
چۆن چووە ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی برد و خواردی، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت؟» |
ئینجا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.» |
لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. |
مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن. |
بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا. |
عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری چاک یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک یان لەناوبردنی؟» |
چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە. |
بەڵام ئەوان زۆر تووڕە بوون و لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیان دەکرد چی لە عیسا بکەن. |
لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە سەر شاخێک تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد. |
کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان: |
شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای، یاقوب، یۆحەنا، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس، |
مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم، |
یەهوزای کوڕی یاقوب و یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو. |
ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەخت ڕاوەستا. زۆرێک لە قوتابییەکانی لەوێ بوون، هەروەها خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، |
هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە. ئەوانەی کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. |
هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاکدەکردەوە. |
ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی: «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران، چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە. |
خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن، چونکە پێدەکەنن. |
خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی لەبەر کوڕی مرۆڤ ڕقیان لێتان دەبێتەوە و جیاتان دەکەنەوە و جنێوتان پێدەدەن و بە بەدکار ناوتان دەبەن. |
«لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە. |
«بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان، چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە. |
قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن، چونکە ئێوە برسی دەبن. قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن، چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن. |
قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات، چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە. |
«بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، |
ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. |
ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت. |
هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە. |
چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن. |
«ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن. |
ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن. |
ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە. |
بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە. |
بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە. |
«حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. لە خەڵکی خۆش بن، خودا لێتان خۆش دەبێت. |
ببەخشن، پێتان دەبەخشرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.» |
نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «ئایا کوێر دەتوانێت ڕێنمایی کوێر بکات؟ هەردووکیان ناکەونە چاڵەوە؟ |
قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە، بەڵام هەرکەسێک تەواو فێربێت، وەک مامۆستاکەی لێ دێت. |
«بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ |
چۆن دەتوانی بە براکەت بڵێی:”برام با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم“لەکاتێکدا کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نابینیت؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت. |
«هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات. |
هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک لێ ناکرێتەوە، لە تووتڕکیش ترێ ناڕنرێتەوە. |
مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت، چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت. |
«بۆچی بە”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“ناوم دەبەیت، کەچی ئەوەی دەیفەرمووم کاری پێ ناکەیت؟ |
ئەوەی بۆ لام دێت و گوێ لە فەرمایشتەکانم دەگرێت و کاری پێ دەکات، نیشانتان دەدەم لە کێ دەچێت. |
لە مرۆڤێک دەچێت خانووێک دروستدەکات، جا زەوییەکەی هەڵکەند و قووڵی کرد و بناغەکەی لەسەر بەرد دانا، لافاو هەستا و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەیتوانی بیجوڵێنێت، چونکە لەسەر بەرد بنیاد نرابوو. |
بەڵام ئەوەی گوێی لێ بێت و پەیڕەوی نەکات، لە مرۆڤێک دەچێت کە خانووێکی بێ بناغەی لەسەر زەوی دروستکردبێت. کاتێک لافاو هات و لە خانووەکەی دا، دەستبەجێ بە تەواوی ڕووخا.» |