زەبوورێک، گۆرانییەک بۆ ڕۆژی شەممە. چاکە ستایشی یەزدان بکرێت، گۆرانی گوتن بۆ ناوت، ئەی هەرەبەرز، |
بەیانییان خۆشەویستی نەگۆڕت ڕابگەیەنرێت و دڵسۆزیت بە شەوان، |
بە قیسارەی دە ژێیی، بە ئاوازی ساز. |
ئەی یەزدان، بە کردارەکانت دڵخۆشت کردووم، هەلهەلە لێدەدەم بۆ کارەکانی دەستت. |
ئەی یەزدان، کردارەکانت چەندە مەزنە! بیرکردنەوەی تۆ چەندە قووڵە! |
مرۆڤی گێل ئەمە نازانێت، نەزانیش ئەمە تێناگات: |
هەرچەندە خراپەکاران وەک گیا بگەشێنەوە و هەموو بەدکاران چرۆ بکەن، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن. |
بەڵام ئەی یەزدان، تۆ هەمیشە بەرزیت. |
ئەی یەزدان، دوژمنانت، بێگومان دوژمنانت دەفەوتێن و هەموو بەدکاران پەرتەوازە دەبن. |
بەڵام وەک گای کێوی بەهێز بووم، بە ڕۆنی گرانبەها چەور کرام. |
بە چاوی خۆم بەزینی دوژمنانم دەبینم، گوێم لە بەزینی ئەوانە دەبێت کە بە خراپە دژم هەستاون. |
ڕاستودروستان وەک دار خورما گەشە دەکەن، وەک ئورزی لوبنان گەشە دەکەن، |
لە ماڵی یەزدان ڕواون، لە حەوشەی ماڵەکەی خودامان گەشە دەکەن. |
بە پیریش هەر بەریان دەبێت، هەمیشە تەڕ و سەوزن، |
بۆ ئەوەی ڕابگەیەنن کە یەزدان ڕاستودروستە، تاشەبەردمە و خراپە لە ئەودا نییە. |