یەزدان بە موسای فەرموو: |
«دوو کەڕەنا لە زیوی کوتراو بۆ خۆت دروستبکە، بۆ بانگکردنی کۆمەڵ و بۆ بەڕێکەوتنی ئۆردوگاکان. |
ئەگەر هەردووکیان لێدران ئەوا هەموو کۆمەڵ بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەلات کۆدەبنەوە، |
ئەگەر تەنها یەکێکیان لێدرا ئەوا سەرکردەکان لەلات کۆدەبنەوە، کە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن. |
ئەگەر وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای ڕۆژهەڵات چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون، |
ئەگەر دووبارە وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای باشوور چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون، بۆ بەڕێکەوتنەکانیان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن. |
کاتێک کۆمەڵ کۆدەکەنەوە ئەوا کەڕەنا لێدەدەن، بەڵام وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە ناکەن. |
«کوڕانی هارونی کاهین کەڕەناکان لێدەدەن، جا بۆتان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکانتان. |
ئەگەر لە خاکی خۆتان بۆ جەنگ چوونە سەر دوژمنێک کە ستەمتان لێدەکات، ئەوا کەڕەناکان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان یاد دەکرێنەوە و لە دوژمنەکانتان ڕزگارتان دەبێت. |
هەروەها لە ڕۆژی خۆشیتان و لە جەژن و لە دەستپێکی مانگی نوێتان کەڕەناکان لێدەدەن، لەسەر قوربانی سووتاندنەکانتان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان، جا دەبێتە یادەوەریتان لەبەردەم خوداکەتان. من یەزدانی پەروەردگارتانم.» |
لە بیستی مانگی دووی ساڵی دووەمدا هەورەکە لەسەر چادری پەیمان بەرزبووەوە. |
جا نەوەی ئیسرائیل لە قۆناغەکەیان لە چۆڵەوانی سیناوە بەڕێکەوتن و هەورەکە لە چۆڵەوانی پاران نیشتەوە. |
بەپێی فەرمانی یەزدان و لە ڕێگەی موساوە بۆ یەکەمین جار دەستیان بە کۆچەکەیان کرد. |
لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی یەهودا بەگوێرەی لەشکرەکانیان یەکەم جار بەڕێکەوتن و نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب سوپاسالاریان بوو. |
سەرلەشکری هۆزی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر بوو، |
سەرلەشکری هۆزی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆن بوو. |
ئینجا چادرەکەی پەرستن هەڵگیرایەوە و نەوەی گێرشۆن و نەوەی مەراری چادرەکەی پەرستنیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن. |
لەدوای ئەوان لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای ڕەئوبێن بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور سوپاسالاریان بوو. |
سەرلەشکری هۆزی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای بوو، |
سەرلەشکری هۆزی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل بوو. |
ئینجا قەهاتییەکان شتە پیرۆزکراوەکانیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن، هەتا گەیشتن چادرەکەی پەرستن هەڵدرابوو. |
ئینجا لەژێر بەیداخەکەیان نەوەی ئەفرایم بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن و ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود سوپاسالاریان بوو، |
سەرلەشکری هۆزی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور بوو، |
سەرلەشکری هۆزی نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی بوو. |
لە کۆتاییدا لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی دان بەڕێکەوت و پاشڕەو و پاسەوانی هەموو ئۆردوگاکان بوو، بەگوێرەی لەشکرەکانیان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای سوپاسالاریان بوو. |
سەرلەشکری هۆزی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخران بوو. |
سەرلەشکری هۆزی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینان بوو. |
ئەمە ڕێکخستنی نەوەی ئیسرائیلە بە لەشکرەکانیانەوە کاتێک بەڕێکەوتن. |
موسا بە حۆڤاڤی کوڕی ڕەعوئێلی میدیانی گوت، کە ڕەعوئێل خەزووری موسا بوو: «ئێمە دەچین بۆ ئەو شوێنەی یەزدان فەرمووی:”پێتانی دەدەم.“لەگەڵمان وەرە و بۆت باش دەبین، چونکە یەزدان بەڵێنی داوە بۆ ئیسرائیل چاک دەبێت.» |
ئەویش پێی گوت: «ناڕۆم، بەڵکو بۆ لای خاکی خۆم و گەلی خۆم دەچم.» |
جا موسا گوتی: «تکایە بەجێمان مەهێڵە، لەبەر ئەوەی شارەزایت لە چۆڵەوانی لەکوێ چادر هەڵبدەین، ببە بە چاو بۆمان. |
ئەگەر لەگەڵمان بێیت، ئەوا بەو چاکەیەی یەزدان لەگەڵ ئێمەی دەکات، ئێمەش چاکەت لەگەڵدا دەکەین.» |
جا لە کێوی یەزدانەوە بۆ سێ ڕۆژە ڕێ بەڕێکەوتن و سندوقی پەیمانی یەزدانیش سێ ڕۆژە ڕێ پێشیان کەوتبوو، هەتا بۆ پشوودان نشینگەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە. |
هەوری یەزدانیش بە ڕۆژ بەسەریانەوە بوو، کاتێک لە ئۆردوگاوە بەڕێکەوتن. |
لە کاتی بەڕێکەوتنی سندوقەکەش موسا دەیگوت: «هەستە یەزدان! با دوژمنانت پەرتەوازە بن و ناحەزانت لەبەردەمت هەڵبێن.» |
لە کاتی چادرهەڵدانیش دەیگوت: «ئەی یەزدان، بگەڕێوە بۆ لای هەزاران هەزارانی ئیسرائیل.» |