فەریسی و سەدوقییەکان هاتنە لای عیسا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد نیشانەیەکی ئاسمانییان پیشان بدات. |
عیسا وەڵامی دایەوە: «کە ئێوارە دادێت، دەڵێن،”ساماڵ دەبێت، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە،“ |
سەر لە بەیانیش،”ئەمڕۆ باوبۆران دەبێت، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە و هەورە.“ئێوە دەزانن ڕووی ئاسمان بخوێننەوە، بەڵام ناتوانن نیشانەکانی زەمانە لێکبدەنەوە! |
نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.» ئینجا بەجێی هێشتن و ڕۆیشت. |
کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بینییان لەبیریان چووە لەگەڵ خۆیان نان ببەن. |
عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.» |
لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «ئەوە بۆیە وا دەڵێت، چونکە نانمان لەگەڵ خۆمان نەهێناوە.» |
عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟ |
ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ |
یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ |
چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن!» |
ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان. |
کە عیسا گەیشتە ناوچەی قەیسەرییەی فیلیپۆس، لە قوتابییەکانی پرسی: «ئایا خەڵک دەڵێن کوڕی مرۆڤ کێیە؟» |
وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێشە، هەندێکی دیکە دەڵێن ئەلیاسە، هەندێکیش یەرمیا یان یەکێک لە پێغەمبەران.» |
پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» |
شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای زیندووی.» |
عیساش وەڵامی دایەوە: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، چونکە گۆشت و خوێن ئەمەیان بۆت ئاشکرا نەکرد، بەڵکو ئەو باوکەم کە لە ئاسمانە. |
منیش پێت دەڵێم، تۆ پەترۆسی و لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ پێی ناوێرێت. (Hadēs g86) |
کلیلەکانی شانشینی ئاسمانت دەدەمێ، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی دایبخەیت، لە ئاسماندا داخراو دەبێت، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت.» |
ئینجا قوتابییەکانی ڕاسپارد کە بە کەس نەڵێن ئەو مەسیحەکەیە. |
لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوە بۆ قوتابییەکانی کە دەبێت بچێتە ئۆرشەلیم، لەوێ بە دەستی پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە. |
پەترۆس عیسای هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی: «خودا نەکات گەورەم! هەرگیز ئەمەت بەسەرنەیەت!» |
عیسا ئاوڕی دایەوە و بە پەترۆسی فەرموو: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ کۆسپی لەبەردەمم، چونکە بیر لە کاروبارە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو کاروباری مرۆڤانە.» |
ئینجا عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. |
ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت. |
چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟ |
کوڕی مرۆڤ بە شکۆی باوکیەوە لەگەڵ فریشتەکانی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوسا پاداشتی هەرکەسێک بەپێی کرداری دەداتەوە. |
«ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا کوڕی مرۆڤ نەبینن وەک پاشا دێتەوە.» |